سەردێڕ:

عێراق بڕیارێکى نوێ لەبارەى ئۆتۆمبێلە مۆدێل کۆنەکان دەدات

AM:09:18:13/11/2021

25880 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوبەرایەتى گشتى هاتووچۆى عێراق راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا رەتیکردەوە کە بڕیارى مراندنى ئۆتۆمبێلە مۆدێل کۆنەکانی دابێت.


لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوبەرایەتى گشتى هاتووچۆى عێراق ئاماژەى بەوە کرد "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵى ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە بەڕێوبەرایەتییەکە رەزامەندى بەدەستهێناوە بۆ مراندنى ئۆتۆمبێلە مۆدێل کۆنەکان لەبەرامبەر بە پێدانى تابلۆ بە ئۆتۆمبێلە تازە هاوردەکراوەکان".

بەرێوەبەرایەتییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو هەواڵانە دوورن لە راستی.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "بەڕێوبەرایەتییەکە پێشنیازێکى لەو جۆرەى کردووە بە ئامانجى کەمکردنەوەى فشارى سەر شەقامەکان و زۆرى ژمارەى ئۆتۆمبێلەکان".

بەڕێوبەرایەتییەکە ئاماژەى بەوە کردووە بڕیارى ٢١٥ى ساڵى ٢٠٠٩ لەسەر هاوڵاتیانى پێویست کردبوو کە لەکاتى تۆمارکردنى هەر ئۆتۆمبێلێکى نوێى هاوردەکراو ئۆتۆمبێلێکى کۆن بمرێنێت بەڵام لەدواى دەرکردنى بڕیارى ٦٨ى ساڵى ٢٠١٦ رێگە بە هاوڵاتیاندرا کە لەکاتى تۆمارکردنى ئۆتۆمبێلێکى نوێى هاوردەکراودا یان ئۆتۆمبێلە کۆنەکەى بمرێنێت یان پارەى بەدەستهێنانى تابلۆیەکى نوێ بدات بەبێ ئەوەى ئۆتۆمبێلە کۆنەکەى بمرێنێت.

لە راگەیەندراوەکەدا بەڕێوبەرایەتییەکە جەختى لەسەر ئەوە کردەوە "لەمانگى ئابى رابردوەوە داوا لە ئەمیندارێتى گشتى ئەنجومەنى وەزیران کراوە کە بڕیارى ٦٨ هەڵبوەشێنێتەوە و کار بە بڕیارى ٢١٥ى ساڵى ٢٠٠٩ بکات بۆ مراندنى ئۆتۆمبێلە مۆدێل کۆنەکان".












گەلەری