سەردێڕ:

ھاتوچۆی عێراق وادەی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی ئاشکرا کرد

AM:08:45:12/11/2021

29680 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی عێراق رایگەیاند، گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.


تارق ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی ھاتوچۆی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئیخبارییەی عێراق رایگەیاند، گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان لە ھەر دە ساڵ جارێکدا، ئەوا بڕیارێکی نێودەوڵەتییە.
ئاماژەی بەوەشدا، بۆیە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ ئەوانیش دەست بە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان لە سەرتاسەری عێراقدا دەکەن.
تارق ئیسماعیل ئەوەشی خستەڕوو، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆ تابلۆی ئەڵمانی ھەڵبژاردووە و ئەمەش لە دەرەوەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بڕیاری لەسەر نەدراوە.
لەبارەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە عێراقدا، بەڕێوەبەری گشتی ھاتوچۆی عێراق باسی لەوەکرد، ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل لەناو وڵاتدا ھەن و بەردەوامیش لە زۆربووندایە، بەتەنھا شاری بەغدای پایتەخت شەش ملیۆن ئۆتۆمبێلی تێدایە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ھاتبوو، لێکتێگەیشتن لەنێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەپێناو یەکخستنی تابلۆکانی ئۆتۆمبێل و ئاسانکردنی رێکارەکانی مامەڵەکانی تایبەت بەو پرسە ھاتووەتەکایەوە.
لەلایەن خۆشییەوە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی ھەرێم لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "لە ھەرێمی کوردستان ویستمان تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان بگونجێنین لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دواتر بەغداش پشتگیریکرد و بڕیاردرا تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان لە تەواوی عێراقدا بگۆڕدرێن."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا ھەرێم و بەغداش لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانیدا گرێبەستیان کردووە و لە ماوەی داھاتوودا گرێبەستەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تابلۆکان دەگۆڕدرێت.
ھاوکات، تارق ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی ھاتوچۆ سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەڕۆژنامەی فەرمی سەباحی راگەیاند، پشت بە بەرنامەی کار بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەبەسترێت کە بریتییە لە یەکخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل و نوسینی بە ئینگلیزی وەک ئەوەی لە زۆرینەی وڵاتاندا ھەیە.
رۆژی ١٦ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش، رێککەوتنی بنەڕەتی لەنێوان حکومەتی عێراق و ھەرێمدا لەسەر تابلۆکانی ئۆتۆمبێل ھاتە کایەوە.












گەلەری