سەردێڕ:

پنتاگۆن لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق روونکردنەوە دەدات

PM:12:17:23/07/2021

10572 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێک لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەی جۆ بایدن پابەندە بە هاوکاریکردنی عێراقییەکان، هێزەکانی ئەمریکاش جارێ لە عێراق دەمێننەوە هەرچەنده توانای سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بەرەوپێشچووە.


ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی لە زاری بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) بڵاویکردەوە، "ئەگەر حکومەتی عێراق داوای کشانەوەی هێزەکانمانی کرد بێ گومان ئێمە جێبەجێی دەکەین و پلانیشی بۆ دادەنێین."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە واقیعدا بارودۆخی عێراق جیاوازە، چونکە هێزە ئەمنییەکانی عێراق تاوەکو ئێستاش پێویستیان بە ئێمەیە و دەیانەوێت ئێمە لەوێ بمێنینەوە."

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە دیالۆگی ستراتیجی نێوان بەغدا و واشنتن دەستیپێکرد، بەڵام لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە رەتکرایەوە کە چەند جارێک هەڕەشەی زیادکردنی هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا دەکرد ئەگەر حکومەتەکەی کازمی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەرنەکات.

رۆژی سێشەممەش، وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە ئەمەریکا بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریکا.

لە ماوەی رابردووشدا، چەندجارێک هێرشکراوەتە سەر فڕۆکەخانەکانی بەغدا و هەولێر و بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە واشنتن لە ئەنجامدانی ئەو هێرشانەدا گروپەکانی نزیک لە ئێران تۆمەتبار دەکات، بەڵام ئەو گروپانەش داوای کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن. 













گەلەری