سەردێڕ:

دوای بە ئامانجگرتنی لەلایەن بەرنامە سیخوڕیەکانەوە؛ ماکرۆن مۆبایل و ژمارەکەشی گۆڕی

AM:10:30:23/07/2021

5000 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی فرانس تیڤی فەڕەنسی بڵاویکردەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، رۆژی پێنجشەممە ژمارەی تەلەفۆن و مۆبایلەکەی گۆڕی، دوای بڵاوکردنەوەی ئەو راپۆرتانەی لەم هەفتەیەدا باسیان لەوەکرد، کە لەلایەن بەرنامەی سیخوڕی پێگاسوسەوە کراوەتە ئامانج.


لەو بارەیەوە، گابرییەل ئاتاڵ وتەبێژی حکومەتی فەڕەنسا رایگەیاند، ژمارەیەکی دیاریکراو لە پرۆتۆکۆلی ئەمنی بەتایبەت دەربارەی سەرۆکی وڵات ئامادەکراون.

رۆژی پێنجشەممە، سەرۆککۆماری فەڕەنسا داوای دانیشتنی نائاسایی ئەنجومەنی بەرگری نیشتیمانی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بەرنامەی سیخوڕی یپگاسوس.

گابرییەل ئاتاڵ ئاماژەی بەوەشداوە، ماکرۆن بەدواداچوونی تایبەت لەسەر ئەو بابەتە دەکات و کۆبوونەوەیەکی چاوەڕواننەکراوی ئەنجومەنی بەرگری تەرخان دەکات بۆ پرسی بەرنامەی پێگاسوس و پرسی ئاسایشی سایبەری.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی وانشنتن پۆست، مۆبایلی نزیکەی ٥٠ هەزار کەسایەتی جیهانی سیخوڕیان بەسەردا کراوە و کراونەتە ئامانج، کە ناوی بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراقیش لە لیستەکەدایە.

پێشتریش، رۆژنامەی لۆمۆندی فەڕەنسی بڵاویکردەوە، مۆبایلەکەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی ئەو وڵاتە سیخوڕی بەسەرەوەکراوە.

هاوکات، ژان کاستکس سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا رایگەیاندووە، ئیمانوێل ماکرۆن داوایکردووە زنجیرەیەک لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ کەیسەکە ئەنجامبدرێت.













گەلەری