سەردێڕ:

فوئاد حسێن: بە ئێرانییەکانمان وتووە هێرشی سەر فڕۆکەخانەکانی بەغدا و هەولێر بوەستێنن

AM:08:36:23/07/2021

14188 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لەبارەی هێرشی سەر فڕۆکەخانەکانەوە لەگەڵ ئێرانییەکان گفتوگۆیان کردووە و داوای وەستاندنی هێرشەکانیان لێکردوون، بەڵام ئەوان رەتیانکردووەتەوە، کە ئەوان پەیوەندییان بەو هێرشانەوە هەبێت.


لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ئەلحوڕەدا، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە، "حکومەتی عێراق لەگەڵ ئێراندا لەبارەی هێرشی سەر فڕۆکەخانەکانی بەغدا و هەولێر و دیبلۆماتکارەکان گفتوگۆیان کردووە و داوایان لێکردوون ئەو هێرشانە بوەستێنن، بەڵام ئەوان رەتیانکردووەتەوە بە فەرمی پەیوەندییان بە هێرشەکانەوە هەبێت."

راشیگەیاندووە، بە لایەنی ئێرانییان وتووە، "هەندێک گروپ کە هێرشدەکەنە سەر فڕۆکەخانەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن لە رووی ئایدۆلۆژییەوە لەگەڵ ئێوەدا هاوپەیمانن."

ئاماژەی بەوەشداوە، چارەسەری ئەم بابەتە لەوانەیە گفتوگۆیەکی روون و کراوە بێت لەگەڵ ئەو گروپانە کە هەندێکیان بە هێزی نادەوڵەتی، میلیشیا ناودەبەن بۆ گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە دیالۆگی ستراتیجی نێوان بەغدا و واشنتن دەستیپێکرد، بەڵام لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە رەتکرایەوە کە چەند جارێک هەڕەشەی زیادکردنی هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا دەکرد ئەگەر حکومەتەکەی کازمی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەرنەکات.

رۆژی سێشەممەش، وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە ئەمەریکا بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریکا.

لە ماوەی رابردووشدا، چەندجارێک هێرشکراوەتە سەر فڕۆکەخانەکانی بەغدا و هەولێر و بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە واشنتن لە ئەنجامدانی ئەو هێرشانەدا گروپەکانی نزیک لە ئێران تۆمەتبار دەکات.













گەلەری