سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی رێوشوێنێکی نوێ دەگرێتە بەر بۆ چاودێری کردنی نرخی ئارد

PM:03:18:09/11/2021

2988 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەک پێکدەھێنێت بۆ چاودێریکردنی نانەواخانە و سەموونخانەکان و چەند ڕێگەچارەیەک دەخاتە روو لەپێناو دەستبەسەرداگرتنی نرخی ئاردا. دەشڵێت، "بەرزبوونەوەی نرخی ئارد پەیوەندی ھەیە بە بەرزبوونەوەی نرخی ئاردی سفری ھاوردەکراوەوە".


ئەمڕۆ سێشەممە، محمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی ھەواڵی عێراقی راگەیاند، کە چەند رێگەچارەیەکیان خستووەتە بەردەم مستەفا کازمی؛ سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەبارەت بە ھۆکاریی گرانبوون و بەرزبوونەوەی نرخی ئارد لە ئێستادا.
ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەتی بازرگانی لیژنەیەک پێکدەھێنێت بەمەبەستی چاودێریکردنی نانەواخانە و سەموونخانەکان.
وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی  ئەوەشی خستەڕوو، فەرمانگەی چاودێریکردنی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و خودی وەزارەتەکەش لیژنەیەکیان پێکھێناوە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە بازار و بەرزبوونەوەی نرخی ئارد.
باسی لەوەشکرد، وەزارەتی بازرگانی گوژمەی نۆیەمی ئاردی ئامادەکردووە تایبەت بە بەشەخۆراکی ھاوڵاتییان لە تەواوی عێراقدا.
لەبارەی چۆنییەتی چاودێریکردنەکەشەوە،  محەمەد حەنون وتیشی، وەزیری بازرگانی بە شێوەیەکی راستەوخۆ چاودێری بەرزبوونەوەی نرخەکان دەکات.
لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی ئاردەوە وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی دەشڵێت،  بەرزبوونەوەی نرخی ئارد پەیوەندی نییە بە ھەبوونی لە لیستی بەشەخۆراکدا، بەڵکو پەیوەندی ھەیە بە بەرزبوونەوەی نرخی ئاردی سفری ھاوردەکراو، کە وەزارەتی بازرگانی لە ھێنانی بەرپرس نییە، بەوپێیەی ھاوردەکردنی ئاردی سفر لە رێگەی نانەواخانە و سەموونخانەکان و بازاری ناوخۆییەوە ئەنجامدەدرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەیەکە سەرەڕای ھەبوونی چەندین کێشەی چارەسەرنەکراوی وەک سوتەمەنی و کارەبا و خزمەتگوزاری و نەبوونی ھەلیکار، نرخی ئاردی سفر لەبازاڕەکانی عێراقدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. لەماوەی رابردووشدا، لە ھەرێمی کوردستان بە ھۆی دابین نەکردنی سوتەمەنی و گرانبوونی نرخی ئاردەوە بەشێک لە خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەکان گردبوونەوەیەکییان سازکرد.












گەلەری