ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، داوا لە وڵاتان دەکەن هەماهەنگی چالاکانە لەگەڵ عێراق بکەن بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر."
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە
توندترین شێوە ئیدانەی هێرشەکەی رۆژی ١٩ی ئەم مانگەی بەغدا دەکەن و پشتگیریی خۆیان
بۆ سەربەخۆیی و سەروەری و یەکێتی خاک و پرۆسەی دیموکراسی و خۆشگوزەرانی عێراق
دوپاتدەکەنەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەنجومەنەکەیان جەخت لەوەشدەکاتەوە، "تیرۆر" بە
هەموو جۆرەکانییەوە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ ئاشتی و سەقامگیریی جیهانی.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە بە هەموو شێوازێک بە رەنگاری
هەڕەشەکانی "تیرۆر" بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی جیهان ببنەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١٩ی ئەم مانگە، تەقینەوەیەک لە بازاڕێکی ناوچەی سەدری
بەغدا روویدا، بەهۆیەوە ٣٠ کەس کوژران و ٧٠ کەسیش برینداربوون، دوای تەقینەوەکەش،
داعش بەرپرسیاری خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاند.