سەردێڕ:

ئۆپیک پڵەس بەرھەمھێنانی نەوت زیاد دەکات

AM:10:07:09/11/2021

2496 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای ستاندەرد ئاند پۆرز گڵۆباڵ پلاتسی ئەمریکی رایگەیاند، رێکخراوی ئۆپیک پڵەس لەمانگی تشرینی دووەمدا بڕی بەرھەمھێنانی نەوتی بۆ ٤٨٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد دەکات و عێراقیش پابەند دەبێت بە بەرھەمھێنانی ٩٥٪ نەوت.


کۆمپانیای ستاندەرد ئاند پۆرز گڵۆباڵ پلاتسی ئەمریکی روپێوێکی ئامادەکردووە و تیایدا ئەوەی خستووەتەڕوو، رێکخراوی ئۆپیک پڵەس لەم مانگدا دەستدەکات بە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت بۆ ٤٨٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بەڵام بەشیک لە ئەندامانی ئەو رێکخراوە مانگی رابردوو دەستیانکردووە بە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ١٣ وڵاتی ئەندام لە رێکخراوەکە رۆژانە ٢٧ ملیۆن و ٥٥ ھەزار بەرمیل نەوتییان بەرھەمھێناوە، بەمەش رۆژانە ٢٦٠ ھەزار بەرمیل نەوتی زیادەیان بەرھەمھێناوە لە مانگی ئەیلولدا، لەکاتێکدا روسیا و ھەشت ئەندامی دیکە رۆژانە  ١٣ ملیۆن و ٦٦ ھەزار بەرمیل نەوتییان بەرھەمھێناوە، بەمەش بەرھەمھێنانی  ٢٢٠ ھەزار بەمیل نەوت زیادیکردووە.
بەگوێرەی روپێوەکەی کۆمپانیا ئەمریکییەکە، عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمدا بەرھەمھێنانی نەوتی دابەزاندووە و بەراورد بە مانگی ئەیلول ١٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت کەمیکردووە، بەمەش رۆژانە چوار ملیۆن و ١٧٠ ھەزار بەرمیل نەوتی لەمانگی تشرینی یەکەمدا بەرھەمھێناوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ٤ی مانگی تشرینی دووەم رێکخراوی ئۆپیک پڵەس بڕیاریدا بە جێگیرکردنی زیادەی بەرھەمھێنانی نەوتی خاو بەڕێژەی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە مانگی کانونی یەکەمدا سەرەڕای ئەوەی ھەریەک لە ئەمریکا و ژپۆن و ھیندستان فشاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت بەئامامنجی دابەزاندنی نرخەکەی لە بازاڕە جیھانییەکاندا.













گەلەری