سەردێڕ:

دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی؛ گومان لە خراپی دۆخی تەندروستی ئەردۆغان دەکرێت

PM:06:46:22/07/2021

81596 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆککۆماری تورکیا لە نوێترین ڤیدیۆیدا لاواز دەرکەوت و سەرنج و توانای قسەکردنی وەکو پێویست نەبوو، ئەم بابەتەش پرسیاری زۆری لەبارەی تەندروستی و ئایندەی سیاسی ئەوەوە دروستکرد.


رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بە جلی نافەرمی و دانیشتووەوە گرتەڤیدیۆیەکی ١٣ چرکەیی وەکو وەڵامێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەی فاروشای قوبروسی- یۆنانی بڵاوکردەوە.

بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان تێبینی سێ هەڵسوکەوتی نامۆی ئەردۆغانیان کردووە، بەجۆرێک بۆ ماوەیەک وەکو ئەوەی خەو بردبێتیەوە و دووجار بۆ ماوەیەکی زۆر قسە ناکات و دەوەستێت و نەیتوانیوە رستەیەکی تەواو بەسەریەکەوە دەربڕێت.

هاوکات، دوای بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە، خەڵکی تورکیا پێیانوایە تەندروستی ئەردۆغان باش نییە و بەرەو خراپی دەڕوات.

سەرەتای ئەمساڵ، فەیزی ئیسپاران پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، کە تیایدا دەردەکەوت ئەردۆغان بە ئاسانی توانای رێکردنی نییە بە پاڵپشتی یاریدەدەرەکانی لە پلیکانەکان دابەزیوەتەوە خوارەوە.

رۆژنامەی سۆزجۆی تورکیش بڵاویکردوەتەوە، کە سەرۆکی تورکیا لەکاتی بەجێهێنانی نوێژی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵدا بەهۆی بەرزە فشاری خوێن و نەخۆشی شەکرەوە بۆ ماوەیەك لە هۆش خۆی چووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ساڵانی ٢٠١١ و ٢٠١٢ سەرۆکی تورکیا دوو نەشتەرگەری لە کۆئەندامی هەرس و پەنکریاسی بۆ ئەنجامدراوە و ماوەیەکی زۆر لە ژێرچاودێری دابووە.














گەلەری