سەردێڕ:

باڵیۆزخانەی تورکیا: گەشتکردن لەم هاووڵاتییانە بۆ تورکیا قەدەغە دەکرێت

PM:12:32:06/11/2021

75724 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزخانەى تورکیا لەعێراق رایگەیاند، سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کۆمپانیایانە تۆمار دەکەن کە مامەڵەى ساختە بۆ گەشتکردنى هاوڵاتیان بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام دەدەن و لەداهاتووشدا گەشتی ئەو وڵاتەیان لێ قەدەغە دەکرێت.


باڵیۆزخانەی تورکیا لە عێراق راگەیەنراوێکی لەبارەی ڤیزەی وڵاتەکەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، کە کۆمپانیای Gateway Management and Logistics Inc تاکە دامەزراوەیەکە سەرپشكکراوە لەلایەن ئەوانەوە بۆ گەیاندنی داواکاری ڤیزە لەلایەن عێراقیەکانەوە.

باسی لەوەشکردووە، نوسینگەکانی کۆمپانیای Gateway تەنیا لە بەغدا و بەسرە و موسڵ و کەرکوك و هەولێر و سلێمانی و دهۆك و زاخۆن.

ئەوەشی خستوتەڕوو، جگە لەو کۆمپانیایە داواکاری ڤیزە لە هیچ دامەزراوەیەکی تر وەرناگرن بەتایبەت ئەو کۆمپانیایانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا ریکڵامیان بۆ دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، ''کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە باڵیۆزخانەی تورکیاوە نییە و فێڵ لە هاوڵاتییان دەکەن و پێویستە پشتییان پێ نەبەسترێت.''

باڵیۆزخانەی تورکیا لەدرێژەی راگەیەنراوەکەدا راشیگەیاند، سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کۆمپانیایانە دەکەن کە درۆ و پڕوپاگەندی بێ بنەما بڵاودەکەنەوە و لەداهاتووشدا گەشتی ئەو وڵاتەیان لێ قەدەغە دەکرێت.













گەلەری