وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیجی نێوان بەغدا و واشتنۆن کۆتا گەڕ دەبێت. دەشڵێت، "تیایدا لە بارەی خشتەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا رێککەوتن واژۆدەکەن".
ئەمڕۆ پێنجشەممە،
فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە دیداری مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق
و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا گفتوگۆکان لەبارەی کۆی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات دەکرێت،
لە نێویشیاندا لەبارەی نەهێشتنی هیچ بنکەیەکی سەربازی ئەمریکی لە وڵاتدا.
ئەوەشی خستەڕوو،
گەڕی چوارەمی گفتوگۆکان لە بارەی رێککەوتنی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و عێراق کۆتا گەڕدەبێت
و تیایدا رێککەوتن لەبارەی خشتەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سەرتاسەری خاکی عێراقدا
واژۆدەکرێت.
فواد حسێن، باسی
لەوەشکرد، لە ئێستادا هێزەکانی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانی عێراقدا جێگیرکراون و
هیچ بنکەیەکی سەربازییان نییە وەک ئەوەی باسیان لێوەدەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو،
ئیدارەی ئێستای ئەمریکا باش لە دۆخی عێراق تێدەگات و تەواو جیاوازە لە تێگەیشتنی ئیدارەی
پێشووپتر. وتیشی، دوای کۆتاییهاتنی گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیجی، هەردوو وڵات دەگەڕێنەوە
بۆ رێککەوتنی ساڵی ٢٠٠٨.
ئەمە لە کاتێکدایە،
رۆژی دووشەممەی رابردوو فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێک و بەسەردانێکی
فەرمی گەیشتە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا بەمەبەستی ئامادەکاری کردن بۆ بەڕیوەچوونی
گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و عێراق لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا
لە وڵاتدا.