سەردێڕ:

پلاندانانی عێراق: ٥٠٪ رێژەی هەژاری لەم سێ پارێزگایەدان

PM:03:48:22/07/2021

7468 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئامارێکی لەبارەی رێژەی هەژاری لە وڵاتدا بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ٥٢٪ رێژەی هەژاری لە پارێزگای موسەننا و ٤٨٪ رێژەی هەژاری دانیشتوانی لە پارێزگای دیوانییە و ٤٥٪ رێژەی هەژاری لە پارێزگای میسان تۆمارکراون.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئامارێکی فەرمی لەبارەی رێژەی هەژاری لە عێراق بڵاوکردوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکراوە ٥٠٪ رێژەی هەژاری عێراق لە پارێزگاکانی موسەننا و دیوانییە و میساندان.

حامد حەسانی جێگری پارێگاری موسەننا رایگەیاند، بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان رێژەی هەژاری لە پارێزگاکە ٥٢٪ تێپەڕاندووە و ئەمەش جێگەی نیگەرانییە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ساڵانی رابردوو ئەو بەشە بودجەیەی بۆ پارێزگاکە تەرخانکرابوو بەشی نەدەکردووە.

جێگری پارێزگاری موسەننا ئەوشی خستەڕوو، پارێزگاکە دووەم گەورەترین پارێزگایە لە رووی رووبەرەوە کە چەندین قەزا و ناحییەی هەیە و پێویستی بە هەڵمەتێکی هەستاندەوەی ژێرخانی ئابوری هەیە لە دروستکردنی پرد و چاککردنی رێگە و بان.

هەروەها، جەلیل لامی شارەزای ئابوری باسی لەوەکرد، بەرزبوونەوەی تێکڕای هەژاری لە عێراق بەگشتی و پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواروو بەتایبەتی زەنگێکی مەترسیدارە بۆ روودانی کارەساتێکی ئابوری.

دەشڵێت، نیوەی دانیشتوانی ئەو پارێزگایانە لە خوار هێڵی هەژارییەوەن، حکومەت دەبێت رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.

ئەمە لەکاتێکدایە، سەرەڕای ئەوەی عێراق وڵاتێکە دەوڵەمەندە بە نەوت و گازی سروشتی و چەندین رووبەری زەوی و زاری کشتوکاڵی هەیە، بەڵام بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی وڵات و بەرزبوونەوەی رێژەی گەندەڵی و بەهەردانی سامانی گشتی و دیارنەمانی بە سەدان ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت و چالاکنەکردنی کەرتی تایبەت و نەبوونی پلانێکی تۆکمەی چاکسازی ئابوری و دارایی و بازرگانی و کشتوکاڵی، رێژەیەکی بەرزی هاوڵاتیانی لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین و کێشەی بێ کاری و دانەمەزراندن و نەبوونی خزمەتگوزاری تەنگی بە ژیانیانی هەڵچنیوە.













گەلەری