راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، لە کۆتایی ئەمساڵدا هیچ هێزێکی بیانی شەرکەر لە عێراقدا نامێنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نوسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایداهاتووە، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و سەرۆکایەتی نوێنەرایەتی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و جۆن برینان نوێنەری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سوریا کۆبوونەوە.
راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، نوێنەرایەتی
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەیی هەبووە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری
ئاسایشی نەتەوەیی رایگەیاندووە، لە کۆتایی ئەمساڵدا هیچ هێزێکی شەڕکەری بیانی لە عێراقدا
نامێنێتەوە.
لەبارەی ئەرکی هێزە بیانییەکان راگەیەنراوەکە
ئاماژەی بەوەداوە، ئەرکی هێزە بیانییەکان بریتی دەبێت لە راوێژکاری و راهێنان و مەشقکردن
و دروستکردنی تواناکان.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە گەڕی چوارەمی دانوستانی
ستراتیجی نێوان ئەمریکا و عێراق رێککەوتن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی
نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق.