سەردێڕ:

دوای میسان، لە پارێزگایەکی دیکە دەیان کەس توشی ژەهراویبوون بوون

PM:08:35:03/11/2021

5328 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی پزیشکی زیقار بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە پارێزگای زیقار دەیان کەس کە زۆرینەیان منداڵن ژەهراویبوون.


ئەمڕۆ چوارشەممە، چاوگێکی پزیشکی لە پارێزگای زیقار بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، نزیکەی ٥٠ کەس کە زۆرینەیان منداڵن سەردانی یەکێک لە کلینیکەکانی ئەو پارێزگایەیان کردووە کە ژەهراویبوون.

ئاماژەی بەوەشدا، نیشانەکانی توشبووان بریتییە لە رشانەوە و سکچوون و تا. دەشڵێت، تا ئێستا هۆکاری ژەهراویبوونەکە نەزانراوە، بەڵام پێدەچێت کەشوهەوا یان ئاوی خواردنەوە بێت.

چاوگەکە ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا تا ئەنجامی پشکنینیەکان دەرنەچن ناتوانن سەرچاوەی ژەهراویبوونەکە یەکلایی بکەنەوە و هیچی لەبارەوە بڵێن.

لەلایەکی دیکەوە، ئەو چاوگە پزیشکییە باسی لەوەشکرد، لە پارێزگای زیقار چێشتخانە و خواردنگەکان و دەستگێرەکان لە ژێر هیچ چاودێرییەکی تەندروستیدانین.

وتیشی، نیشانەکانی ئەوانەی ژەهراویبوون هاوشێوەی نیشانەکانی ئەو کەسانەن کە لە پارێزگای میسان ژەهراویبوون.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە بەهۆی خواردنی خواردنگەیەکەوە لە میسان کەسێک گیانی لەدەستدا و ٢٤٢ کەسی دیکە توشی ژەهراویبوون بوون و لە ئێستادا ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ ٤٤٤ کەس.


کـ. ئـ













گەلەری