پاش ئەوەی دوێنێ ئاشکراکرا، هەوڵی هاککردنی مۆبایلی ٥٠ هەزار خەڵک لە جیهان دراوە و لە ناویشیاندا چەندین کەسایەتی و سەرۆکی تێدایە و لەو نێوەندەشدا بەرهەم ساڵحی سەرۆککۆماری عێراق هەبوو، چەند وڵاتێک تۆمەتبار کران بەو دۆسیەیە و مەغریب و سعودیە و ئیسرایلیش یەکێکن لەوان.
مەغریب رایگەیاندووە،
پەنا بۆ دادگا دەبەن، چونکە وڵاتەکەیان تۆمەتبار کراوە بەوەی بەرنامەی
"بیگاسۆس"یان بۆ سیخوڕیکردن بەسەر ئەو ٥٠ هەزار کەسەدا؛ بەکارهێناوە.
ئیسرائیلیش،
رایگەیاندووە تیمێک پێکدەهێنێت کە لە ژمارەیەک وەزیر و ئەندامانی حکومەتەکەی
پێکدێت، بۆ لێۆڵینەوە و تاوتوێکردنی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە، لەگەڵ ئەو
بەرانەمەیەی کارە سیخوڕییەکەی پێئەنجامدراوە، چونکە بەرنامەکە بەرهەمی وڵاتەکەی
خۆیەتی.
دوێنێش، چاوگێکی
ئیسرائیلی رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی لیژنەیەکی لەچەند بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەی
پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی کەیسی خراپ بەکارهێنانی بەرنامەی پێگاسۆسی کۆمپانیای ئێن
ئێس ئۆی ئەو وڵاتە بە ئامانجی سیخوڕیکردن بەسەر مۆبایلی سەرۆکانی عێراق و فەرەنسا و
مەکسیک و هیندستان و مەغریب و چەند وڵاتێکی دیکە بەکارهاتووە.
سعودیەش لەو
بارەیەوە تێوەگلانی لەو بابەتە رەتدەکاتەوە و زانیاریی و تۆمەتەکان بە بێ بنەما
دادەنێت.
پێشتر رۆژنامەی لۆمۆندی
فەرەنسی بڵاویکردەوە، مۆبایلەکەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی ئەو وڵاتە لە بەئامانجی خزەمتکردنی
بەرژەوەندییەکانی مەغریب سیخوڕی بەسەرەوەکراوە.
دواتریش، ژان کاستکس
سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا رایگەیاند، ماکرۆن داوایکردووە زنجیرەیەک لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون
بۆ کەیسەکە ئەنجامبدرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە،
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی وانشنتن پۆست، مۆبایلی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری
عێراق و نزیکەی (٥٠) هەزار کەسایەتی دیکەی جیهانی سیخوڕیان بەسەردا کراوە و کراونەتە
ئامانج.
هەوڵەکە لەلایەن
سیستەمی چاودێری-سیخوڕی (پیگاسۆس)ەوە ئەنجامدراوە کە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیسرائیلیەوە
دروستکراوە، بەڵام تا ئێستا نازانرێت کە چ کەس و لایەنێک هەوڵەکەی ئەنجامداوە، ناشزانرێت
کە ئایا سەرکەوتووبونە لەهەوڵی هاککردنەکەدا یاخود شکستیانخواردووە.
واشنتۆن پۆست ئاماژەی
بەوەش داوە، مۆبایلەکەی بەرهەم ساڵح لەگەڵ ١٠ سەرۆکوەزیران و پاشایەک لەژێر چاودێریدا
بوون و سیخوڕیان بەسەردا کراوە و بەئامانج گیراون.
لەنێوان سەرکردەکاندا،
ئیمانۆیل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و رامفۆسا سەرۆکی ئەفریقیای باشور و عیمران خانی سەرۆک
وەزیرانی پاکستان و محەممەدی شەشەم پاشای مەغریبی تیدایە.
بەشێک لەمیدیا عەرەبیەکان
دەڵێن هەوڵی هاککردنەکە هەریەک لەمستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و عادل عەبدولمەهدی
سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی
هەرێمی کوردستانیشی تێدایە.
بەپێی زانیارییەکانی
رۆژنامە ئەمریکییەکە، حەوت سەرۆکوەزیران کە لە ئێستادا لەسەر حوکم نەماون و لەسەردەمی
سەرۆکوەزیرانییاندا هەوڵی هاککردنیان دراوە لەرێگای هەمان سیستەمەوە، سەرۆکوەزیرانەکانیش
بریتین لە هەریەکە لە ئەحمەد عوبێد سەرۆکوەزیرانی پێشووی یەمەن، سەعد حەریری سەرۆکوەزیرانی
پێشووی لوبنان، روهاکانا سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئۆگەندا، ئێدوارد فلێپ سەرۆکوەزیرانی
پێشووی فەڕەنسا، باکیتژان ساجینتیڤ سەرۆکوەزیرانی پێشووی کازاخستان، نۆرددین بێدۆنی
سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەلجیریا و چارلس مایکڵ سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەلجیکای تێدایە.