سەردێڕ:

ئاسایشی هەولێر لەبارەی تەقەکردن لە گەشتیاران رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

PM:10:38:21/07/2021

19252 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هەولێر رایگەیاند، ئەو گرتە ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە و گوایە هێزەکانی ئاسایش لەبازگەکانی هەرێم تەقەیان لە گەشتیاران کردووە دوورە لەراستییەوە. دەشڵێت، "هاتنی گروپە گەشتیارییەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بە بێ گرفت بەردەوامە".


ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕیوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەلێر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە وتیایدا هاتووە، "سەبارەت بە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە سۆشیال میدیا بڵاوبوویتەوە و وا باسدەکرێت کە رێگری لە هاتنی گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کراوە هیچ پەیوندی بە گەشتیارانەوە نەبووە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، "رۆژی هەینی رێکەوتی ١٦ی ٧ی ٢٠٢١،مەفرەزەیەکی هێزەکانی ئاسایش لەسەر رێگای ( کەرکوک- هەولێر) بە مەبەستی دەستگیرکردنی تاوانبارێکی هەڵاتوو لە یاسا بەناوی (ا.ص.ا) ناچار بە تەقەکردن دەبن".

دەشڵێت، "دووپاتی دەکەینەوە کەئەم رووداوە هیچ پەیوەندییەکی بە خوشک و برا گەشتیارانەوە نەبووە و هاتنی گروپە گەشتیارییەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بە بێ گرفت بەردەوامە."

لەبەشێکی دیکەی راگەینراوەکەدا هاتووە، "لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە رووداوەکە بەردەوامە و هەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە کە هێزە کانمان لە ئەرکدان بۆ دابینکردنی کەشێکی ئارام و سەقامگیر بۆ گشت هاوڵاتیان و گەشتیارانی خۆشەویست".

پێشتر، هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و گوایە ئاسایشی بازگەکانی هەرێم تەقەیان لەگەشتیاران کردووە راست نییە.

ئاماژەی بەوەشدا، رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی پێش جەژن، کاتێک ئەو هاوڵاتییە لە بازگەی پردێ داوای لێدەکرێت رابوەستێت راناوەستێت و بازگەکە تێدەپەڕێنێت، لە نزیک بازگەی کەرکوک تەقەتی لێکراوە و راگیراوە.

بەرسێک لە ئاسایشی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رووداوەکە نزیکەی هەفتەیەک لەمەوپێش روویداوە، هۆکارەکەشی ئەوەبووە ژنەکەی سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە و لە بازگەکان داواکراوبووە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەبازگەی پردێ کاتێک داوای لێدەکرێت دابەزێت راناوەستێت و بازگەکە تێدەپەڕێنێت و بازگەی ئاسایشی کەرکوک ئاگادار دەکرێتەوە، کاتێک هاوڵاتییەکە دەگاتە نزیک بارەگای ئاسایشی کەرکوک لەناو هەولێر، تەقەی لێکراوە و راگیراوە و دەستگیرکراوە.

ئەمە لەکاتێدایە، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییکان و بەشێک لە ماڵپەڕە عێراقییەکان ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە، تیایدا هێزێکی ئاسایشی هەرێم تەقە لە ئۆتۆمبێلێک دەکەن، ماڵپەرە عێراقییەکان و بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەڵێن، "ئەمانە گەشتیاری عەرەبن و لە بازگەکانی هەرێمی کوردستان تەقەیان لێکراوە".







گەلەری