سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی گوایە ئاسایش تەقەی لە گەشتیاران کردووە

PM:08:59:21/07/2021

18484 جار خوێندراوەتەوە

جێگری پارێزگاری هەولێر بە ئێن ئار تی راگەیاند، ئەو رووداوە پێش جەژن روویداوە و هیچ پەیوەندی بە گەشتیارەوە نییە. دەشڵێت، "ئەو کەسەی تەقەی لێکراوە هۆکارەکەی ئەوەبووە لە بازگەکە رانەوەستاوە تا گەیشتووەتە بەردەم ئاسایشی کەرکوک".


 

ئەمڕۆ چوارشەممە، هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و وگوایە ئاسایشی بازگەکانی هەرێم تەقەیان لەگەشتیاران کردووە راست نییە.

ئاماژەی بەوەشدا، رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی پێش جەژن، کاتێک ئەو هاوڵاتییە لە بازگەی پردێ داوای لێدەکرێت رابوەستێت راناوەستێت و بازگەکە تێدەپەڕێنێت، لە نزیک بازگەی کەرکوک تەقەتی لێکراوە و راگیراوە.

بەرسێک لە ئاسایشی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رووداوەکە نزیکەی هەفتەیەک لەمەوپێش روویداوە، هۆکارەکەشی ئەوەبووە ژنەکەی سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە و لە بازگەکان داواکراوبووە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەبازگەی پردێ کاتێک داوای لێدەکرێت دابەزێت راناوەستێت و بازگەکە تێدەپەڕێنێت و بازگەی ئاسایشی کەرکوک ئاگادار دەکرێتەوە، کاتێک هاوڵاتییەکە دەگاتە نزیک بارەگای ئاسایشی کەرکوک لەناو هەولێر، تەقەی لێکراوە و راگیراوە و دەستگیرکراوە.

ئەمە لەکاتێدایە، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییکان و بەشێک لە ماڵپەڕە عێراقییەکان ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە، تیایدا هێزێکی ئاسایشی هەرێم تەقە لە ئۆتۆمبێلێک دەکەن، ماڵپەرە عێراقییەکان و بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەڵێن، "ئەمانە گەشتیاری عەرەبن و لە بازگەکانی هەرێمی کوردستان تەقەیان لێکراوە".

 

رزگار کۆچەر - هەولێر

 






گەلەری