سایلۆی سلێمانی رایگەیاند، ئەو جوتیارانەی گەنمیان رادەست کردووە سبەی دەتوانن سەردانی سایلۆی سلێمانی بکەن تاوەکو شایستەی دارایی وەربگرن.
سایلۆی سلێمانی لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سبەی ئەو جوتیارانەی گەنمیان رادەست کردووە و خاوەنی پسووڵەی ژمارە هەزار و ٤١٧ تاوەکو هەزار و ٤٧٣ن شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.
باس لەوەش کراوە، پێویستە ئەو جوتیارانە سبەی سەردانی هۆبەی ژمێریاری
سایلۆی سلێمانی بکەن و چەکی شایستە داراییەکانیان وەربگرن.
پێشتر، نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم بە
دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە کۆی ٤٨٣ ملیار و ٥٩٦ ملیۆن و ٤٤١
هەزار دینار بەغدا بڕی ١٥٠ ملیار دیناری بە چەکێک بۆ هەرێم ناردووە کە لەو رێژەیەش
بڕی ٦٧ ملیار و ٨٤ ملیۆن دیناری بۆ سلێمانییە، بۆ هەولێر ٤٧ ملیار و ٣٧٣ ملیۆن و
بۆ دهۆکیش بڕی ٣٥ ملیار و ٥٤١ ملیۆن دینارە.
باسی لەوەش کرد، پێشبینی دەکەن لە رۆژی
چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەدا پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان
دابەش بکەن و میکانیزمی دابەشکردنەکە بە گوێرەی وادە و بڕی گەنمی جوتیارانە، ئەو
جوتیارەی کە پێشتر گەنمەکەی هێناوە، سەرەتا پارەی ئەو دەدرێت.
ئەوەشی خستە روو، هەوڵ دەدەن تا کۆتایی
مانگی ١٠ ئەو بڕە پارەیەی دیکە کە ماوەتەوە بەسەر جوتیارانی هەرێمدا دابەشی بکەن و
بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوامن لە پەیوەندیکردن بە بەغداوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕی ٦٨٥ هەزار تۆن گەنم
لە جوتیارانی هەرێم وەرگیراوە و پارەی پێویستیش بۆ ئەو بڕە گەنمە لەلایەن بەغداوە
تەرخان کراوە، بەڵام هێشتا بەشێک لە جوتیارانی هەرێم پارەی گەنمەکەیان وەر
نەگرتووە.
لای خۆشیانەوە، بەشێک لە جوتیاران باس لەوە
دەکەن، هێشتا بەشێک گەنمیان ماوە و لێیان وەرنەگیراوە، حکومەتی کاربەڕێکەریش تا
ئێستا هیچ پلانێکی نییە بۆ ساغکردنەوەی ئەو بڕە گەنمەی لەو جوتیارانە وەرنەگیراوە.