سەردێڕ:

ئەمریکا بڕی ١٤٤ ملیۆن دۆلار یارمەتی مرۆیی بۆ ئەفغانستان تەرخان دەکات

PM:01:43:29/10/2021

5212 جار خوێندراوەتەوە

لە ئێستادا دۆخی مرۆیی ئەفغانستان لە دۆخێکی خراپدایە و وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکاش رایگەیاند، نزیکەی ١٤٤ ملیۆن دۆلار وەکو یارمەتی مرۆیی بۆ ئەفغانستان تەرخان دەکات.


ئەمڕۆ هەینی، ئێملی هۆڕن وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، یارمەتییەکانی ئەمەریکا لەڕێی ئەو رێکخراوە سەربەخۆیانەوە دابەش دەکرێت کە راستەوخۆ پشتیوانی زیاتر لە ١٨.٤ ملیۆن ئەفغانی دەکەن، بەو ئەفغانیانەشەوە کە ئاوارەی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان بوون.

وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، بەم یارمەتیەوە کۆی یارمەتیە مرۆییەکانی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان و پەنابەرە ئەفغانییەکان لە ناوچەکەدا دەگاتە ٤٧٤ ملیۆن دۆلار لە ساڵی ٢٠٢١ دا، دەشڵێت، "بەم هاوکارییانەی ئەمریکا، لە سەرجەم یارمەتیە مرۆییەکانی وڵاتانی دیکە بۆ ئەفغانستان زیاترە".

هاوکات، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بەوەکرد، پێویستی ئەفغانییەکان بۆ یارمەتیە مرۆییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادییکردووە.

بەگوێرەی ئامارێکی ئەو رێکخراوانەش، لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە نزیکەی ٢٢.٨ ملیۆن هاوڵاتی ئەفغانی، کە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانەکەی دەکات، روبەڕوی " کەمبوونەوەی بەرچاوی خۆراک دەبنەوە."

ئەوەش ئاشکراکراوە، لەنێو ئەو ژمارەیەدا کە ڕوبەڕوی ئەو مەترسییە بوونەتەوە، ٣.٢ ملیۆن منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵییان تێدایە کە پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم ساڵدا توشی بەدخۆراکی ببن.

خراپی دۆخی ئابوری و گوزەرانی هاوڵاتی و خێزانە ئەفغانییەکان لە ئاستێکدایە، کە هەندێک لە خێزانە ئەفغانییەکان دەستیانکردووە بە فرۆشتنی پێداویستی خانوو و ئۆتۆمبێلەکانیان، تەنانەت ئەو خێزانانەشی کە ئەوەیان دەستنەکەوتووە، هەستاون بە فرۆشتنی کچە منداڵەکانیان، یان تەنانەت بە شوودانیان.

رۆژی ١٥ی مانگی ئابی ئەمساڵ، چەکدارانی تاڵیبان، پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ گەورە ویلایەتی ئەفغانستان، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە.

ئەفغانستان، دانیشتوانەکەی ٣٨ ملیۆن کەسە و نزیکەی ٤.٥ ملیۆن کەس لەکابوڵی پایتەختدا دەژین کە دەکاتە ١٢٪ رێژەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئەفغانستانەوە.

روبەری ئەفغانستان ٦٥٢ هەزار و ٨٦٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، کە ئەمەش هاوتایە بە روبەری ویلایەتی تەکساسی ئەمەریکا و دوو هێندەی روبەری بەریتانیایە.













گەلەری