سەردێڕ:

کۆمەڵێک چەکدار لە دیالە دوو کەسیان لە ماڵەکەی خۆیدا فڕاند

PM:11:15:28/10/2021

5136 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی پۆلیسی دیالە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کۆمەڵێک چەکدار لە دیالە دوو کەسیان لە ماڵەکەی خۆیدا فڕاند.


نیهاد محەمەد وتەبێژی پۆلیسی دیالە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "كۆمەڵێك چەكدار بەجلی سەربازییەوە لە شاری باقوبەی ناوەندی پاریزگای دیالە چوونەتە سەر ماڵێك دوو كەسیان فڕاند."

ئەوەشی خستەڕوو، "یەكێک لە رفێندراوەكان ئەفسەرە بە پلەی نەقیب."

ئەوەش چوارەم هێرشی چەکدارییە لەم هەفتەیەدا و چاوگێکی ئەمنی لە سنوری داقوق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە گوندی خاشەی سنوری داقوق داعش هێرشی کردووە و بەهۆیەوە پۆلیسێکی فیدڕاڵی کوژراوە.

دوێنێش، چاوگێکی ئەمنی ڕایگەیاند، لەهێرشێکی چەکدارانی داعش بۆ سەر خاڵێکی سەربازی سەر بە سوپای عێراق لە پارێزگای سەڵاحەدین دوو کەس کوژران و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.

رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە، چەکدارانی سەر بە گروپی چەکداری داعش هێرشیانکردەسەر گوندی رەشادی سەر بە قەزای میقدادیەی سەر بە پارێزگای دیالە، لە ئەنجامیشدا ١٣ کەس کوژران و ٢٥ کەسی دیکەش برینداربوون، کە زۆربەی قوربانییەکان کەسانی مەدەنی بوون.

هەرچەندە لەساڵى ٢٠١٧ حکومەتى عێراق کۆتاییهاتنى داعشى راگەیاند، بەڵام ناو بە ناو چەکدارانى سەر بەو گروپە هێرش دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتیان، لە ماوەی رابردووشدا هێرشەکانیان زیاتر کردووە.

بڕیار جاف، گەرمیان


 













گەلەری