سەردێڕ:

سزای ئەو کەسانەدەدرێت پێچەوانەی رێنماییەکان گاز دەفرۆشن

PM:06:35:21/07/2021

3304 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، هەر کۆمپانیا و لایەنێک بتڵی گاز لەدەرەوەی وڵات هاوردە بکات و بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەت نەبێت ئەوا سزایەکی توند دەدەرێت. دەشڵێت، "هەر کارگەیەکی ناوخۆیی پابەندی رێنماییەکان نە بێت بە غرامەکردنی بڕی دوو ملیۆن دینار و داخستنی کارگەکەی بۆ ماوەی مانگێک سزا دەدرێت".


ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆمپانیای ئامادەکردنی گاز ئاشکرای کرد، وەزارەتی نەوت بڕیارێکی دەرکردووە بۆ ئەو کۆمپانیا و کارگە ناوخۆیی و لایەنانەی بتڵی گاز لەدەرەوەی وڵات هاوردە دەکەن و پێچەوانەی رێنماییەکانی وەزارەتن.
سینان نەبیل یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای  ئامادەکردنی گاز بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی نەوت و ناوخۆ و بەرگری هەیە بۆ رێگری کردن لە هاوردەکردنی بتڵی گاز لەدەرەوەی وڵات. 
ئەوەشی خستەڕوو، هەرکەس لەدەرەوەی وڵات بتڵی گاز هاوردە بکات و پێچەوانەی رێنماییەکان رەفتار بکات بەتوندی سزادەدرێت.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای  ئامادەکردنی گاز ئاماژەی بەوەشدا، هەر لایەنێک پابەندی رێنماییەکان نەبێت، ئەوا مۆڵەتی بریکارێتی فرۆشتنی گازی لێدەسەنرێتەوە و جارێکی دیکە پێی نادرێتەوە، ئەم رێکارەش بەگوێرەی یاسای رێکخستنی ئەرک و کار دەگیرێتەبەر.
سینان نەبیل، باسی لەوەشکرد، هەر کارگەیەکی ناوخۆیی پابەندی رێنماییەکان نەبێت بە غرامەکردنی بڕی دوو ملیۆن دینار و داخستنی کارگەکەی بۆ ماوەی مانگێک سزا دەدرێت و هەرکاتێک بۆ جاری دووەم سەرپێچیبکاتەوە ئەوا بەیەکجاری گرێبەستەکەی لێدەسەنرێتەوە.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای  ئامادەکردنی گاز باسی لەمەترسییەکانی ئەو بتڵانەکرد کە لە دەرەوە و بەدەر لە رێنماییەکان هاوردەدەکرێن و وتی، بەردەوام مەترسی تەقینەوەیان لەسەرە و ئەمەش مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتییان دروستدەکات.
دەشڵێت، لەکاتی هاوردەکردنی ئەو جۆرە بتڵانە دەستیان بەسەردا دەگیرێت و لەناودەبرێن بەشێوەیەک نەتوانرێن بەکار بهێنرێن.
ئەمە لەکاتێکدایە، سەرەڕای ئەوەی عێراق وڵاتێکی نەوتییە و دەوڵەمەندە بە بوونی گازی سروشتی، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڕێوەبردنێکی باش و شایستە و ئاراستەکردنێکی سەردەمیانە، رۆژانە برێکی زۆر لەو گازە لە هەوادا دەسوتێت و لە هیچ بوارێکدا سودی لێ نابینرێت. هەروەها، بەهۆی بەکارنەهێنانی عەقڵی زانستی و سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی سەردەمیانە نەتوانراوە بەشێوەیەکی باش و نوێ بڕی گازی پێویست بگەیەنرێتە هاوڵاتیان تا ئەو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەیان بۆ دابینبکرێت.












گەلەری