سەردێڕ:

قەرزی ئێران لەسەر عێراق گەیشتە حەوت ملیار دۆلار

AM:10:48:28/10/2021

5884 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی ئابوری لە پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کرد، قەرزەکانی وڵاتەکەی لەسەر عێراق گەیشتووەتە حەوت ملیار دۆلار. دەشڵێت، "نەدانەوەی قەرزەکان لەلایەن چین و روسیا و عێراقەوە ژیانی خەڵکی لە ئێران قورستر کردووە".


کازم موسەوی جێگری سەرۆکی لیژنەی ئابوری لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، قەرزەکانی وڵاتەکەی لەسەر عێراق گەیشتووەتە حەوت ملیار دۆلار.

ئاماژەی بەوەشدا، عێراق وڵاتێکی دۆستە، بەڵام نابێت بەو شێوازە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکات.

کازم موسەوی ئەوەشی خستەڕوو، هەڵاوسانی نرخ و سەختبوونی ژیان لە ئێران هۆکارەکەی نەدانەوەی قەرزەکانی ئەو وڵاتەیە لەلایەن چین و روسیا و عێراق و ئەو وڵاتانەی خاوەنی نەوت نین قەرزداری ئێرانن.

وتیشی، ئەگەر چین و روسیا و عێراق و ئەو وڵاتانە ئەو ٢٠ ملیار دۆلارەی ئێران کە لایانە بیگێڕنەوە بۆ حکومەتی وڵاتەکەی، ئەوا گەلی ئێران توشی ئەو بارگرانییە نەدەبوون.

لەبارەی وادەی گێڕانەوەی قەرزەکانی ئێران لەلایەن ئەو وڵاتانەوە، کازم موسەوی سەرۆکی لیژنەی ئابوری لە پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کرد، هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە، بەڵام ئەوە قەرزە و دەبێت دواجار ئەو وڵاتانە بیدەنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی هاوردەکردنی وزەی کارەبا و گازی سروشتی و سوتەمەنی لە ئێرانەوە بۆ عێراق، بڕی قەرزەکانی سەر حکومەتی فیدڕاڵی بەغدا زیادی کردووە. لەماوەی رابردووشدا، بەهۆی نەدانەوەی قەرزەکانییەوە بە ئێران، حکومەتی ئەو وڵاتە چەند جارێک ئەو کارەبایەی بۆ عێراقی دابین کردبوو بڕی و هەناردەکردنی گازیشی کەمکردەوە.

 


کـ ، ئـ













گەلەری