سەردێڕ:

کەشناسی عێراق: سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەگەری باران بارین هەیە

PM:09:10:27/10/2021

15396 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، بە گوێرەی پێشبینییەکان رۆژی شەممە ئەگەری بارینی نمەباران لە هەرێم و ناوچەکانی ناوەڕاستی وڵات هەیە. کەشناسی هەرێمیش رایگەیاند، "ئەمڕۆ لەناوچە شاخاوییەکان ئەگەری پروشکەباران هەیە".


ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی کەشناسی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، رۆژی شەممەی داهاتوو ئاسمان هەوراوی دەبێت و ئەگەری بارینی نمەبارانی هەیە لە هەرێم و ناوچەکانی ناوەڕاستی وڵات و رەنگە هەوروبروسکەشی لەگەڵدابێت.

لەبارەى پلەکانى گەرماوە لە راگەیەندراوى دەستەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "پلەکانی گەرما هاوشێوەی رۆژی هەینی دەبن کەلە هەرێم و ناوچەکانی ناوەڕاست هیچ گۆڕانکارییەک نابێت، بەڵام لە باشوری وڵات کەمێک بەرزدەبنەوە".

هەر ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری پروشکەباران هەیە.

دەشڵێت، ئەمڕۆ بەرزترین پلەی گەرما لە شاری هەولێر ٢٦ پلە و نزمترین پلەش ١٤ پلە دەبێت، سلێمانی ٢٣ پلە بە ١٥ پلە، کەرکوک ٢٩ پلە بە ١٨ پلە، دهۆک ٢٦ پلە بە ١٧ پلە، هەڵەبجە ٢٥ پلە بە ١٥ پلەی سیلیزی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ بەرزترین پلەی گەرما لە هەولێر ٢٦ پلە و نزمترین پلەش ١٣ پلە دەبێت. سلێمانی ٢٤ پلە بە ١٤ پلە، دهۆک ٢٦ پلە بە ١٦ پلە، کەرکوک ٣٠ پلە بە ١٦ پلە، هەڵەبجە ٢٦ پلە بە ١٤ پلەی سیلیزی دەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ، سادق عەتیە کەشناسی دیاری عێراقی بەپێی نەخشەیەک کە لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، پیشبینی خۆی بۆ بارانبارین لەمڕۆدا ئاشکراکردووە و دەڵێت، کە ئەمڕۆ ئەگەری کەم هەیە باران ببارێت، بەڵام لە پارێزگاکانی نەینەوا و دهۆک و هەولێر ئەگەری نمەباران لە رۆژدا هەیە، کە مەرج نییە سەنتەری شارەکان بگرێتەوە.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان نمەباران هەبوو، بەڵام لە سەنتەری شارەکاندا ئاستەکەی کەمتر بوو.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیش، ئەگەری هەیە کە رۆژانی ٢٩ و ٣٠ و ٣١ی ئەم مانگە، شەپۆلێکی بارانبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بگرێتەوە و دوێنێش لە چەند ناوچەیەکی شاخاوی هەرێمدا بەرێژەیەکی کەم بەفر باری بوو.

 


كـ ، ئـ













گەلەری