سەردێڕ:

وێنە.. گوندێک لە عێراق ١٠٠ ساڵە ئاو و کارەبای پێنەگەیشتووە

PM:12:16:27/10/2021

10640 جار خوێندراوەتەوە

لە قوڵایی بیابانی عێراق لە دۆڵی حۆڕان لە پارێزگای ئەنبار، ١٠٠ ساڵە گوندێک بنیاتنراوە نە کارەبای نیشتیمانی پێ گەیشتووە و نە ئاوی سەرەکی بۆ بەستراوە. هیچ کەسێک لە دانیشتووانەکەی توشی کۆرۆنا نەبوون و تا ئێستاش ڤاکسینیان وەرنگرتووە.


ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، گوندی سەحل کەدەکەوێتە خۆرئاوای عێراق لە دۆی حۆڕان لە پارێزگای ئەنبار، نزیکەی ١٠٠ ساڵە کارەبای نیشتیمانی پێ نەگەیشتووە و ئاوی سەرەکی بۆ نەبەستراوە و هیچ نەخۆشخانەیەکیشی تێدا نەکراوەتەوە، تەنها قوتابخانەیەکی سەرەتاییان هەیە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە گوندەکەدا نزیکەی ٢٠٠ خێزان تیای دەدەژین و بە ژیانی سەرەتایی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریەوە سەرقاڵن و لە دەرەوەی خۆیان جگە لە بنکەیەکی سەربازی هیچ شتێکی دیکەی دەرەکییان نەیدیوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە کاتیکدا جیهان بەدەست کۆرۆناوە گرفتاربووە، بەڵام تا ئێستا کۆرۆنا نەچووەتە ئەو گوندەوە و هیچ کەس لە دانیشتووانی توشنەبوون و ڤاکسینی دژە کۆرۆناشیان وەرنەگرتووە.

لەبەشێکی راپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسادا هاتووە، نزیکترین بنکەی تەندروستی لە گوندەکەوە، نیو کاتژمێر دوورە.

لەبارەی چۆنییەتی شێوازی ژیانکردنەوە رەپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، دانیشتووانی گوندەکە تا ئێستاش مۆبایلی کۆن بەکاردەهێنن و دەرگاکانیان ئاسنە کە خانووە سادەکانیان لەیەکتر جیادەکاتەوە و دیواری خانووەکانیان لە قوڕ دروستکراوە و بەشێک لە خانووەکان پەنجەرەیان نییە و ئۆتۆمبێلی کۆن و ئامێری کۆن لە کشتوکاڵ کردنییاندا بەکاردەهێنن. گوندێکە تەواو لە جیهانی نوێ دابڕاوە.

لەبارەی چۆنیەتی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەوە، راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، گوندنشینەکان ماتۆڕێکی دیزڵی کۆن بەکاردەهێنن بۆ هەڵدانی ئاو لەو بیرەی هەیانە و بەشێکی ئاوەکە بۆ ئاژەڵەکانیان گلدەدەنەوە و بەشەکەی دیکەی بۆ خوارندەوەی خۆیان و پێداویستییەکانیانی بەکاردەهێنن.

لە درێژەی راپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسادا هاتووە، گوندەکە ٢٥٠ کیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختەوە دوورە و چەند گەوڕێکی تێدایە کە بە تەنەکە و ئاسن و تەل دروستکراون بۆ مەڕ و بزنەکانیان، بەدەگمەن نەبێت گوندنیشەکان لە سنوری گوندەکەیان ناچنەدەرەوە.

بۆ دابینکردنی روناکی، گوندەکە مۆلیدەیەکی کۆنیان هەیە ئێواران هەڵیدەکەن و شەوان تەنها چەند کاتژمێرێک سەیری تەلەفیزیۆن دەکەن. تا ئێستا کارەبای نیشتیمانیان پێنەگەیشتووە.

ئەبو مەجید، یەکێک لە ریشسپییانی گوندەکە کە تەمەنی ٧٠ ساڵە، جلێکی کۆنی عەرەبی پۆشیوە و سەری بە جامەدانەیەکی سور و سپی پێچاوە و بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای راگەیاند، "گوندەکەمان تەمەنی زیاتر لە سەد ساڵە، بەڵام تا ئێستا ئاو و کارەبای نیشتیمانی پێنەگەیشتووە و نەخۆشخانەی تێدا نەکراوەتەوە".

دەشڵێت، ئەوان ژیانێکی زۆر سادە و سەرەتایی بەرێدەکەن. ئاشکراشیکرد، لەتەمەنیدا یەکجار چووەتە شاری بەغدا ئەویش ٢٠ ساڵ لەمەوبەربووە.

كـ، ئـ

لا يتوفر وصف.لا يتوفر وصف.













گەلەری