سەردێڕ:

حکومەت بڕیاری نوێی لەبارەی بەنزینەوە دەرکرد

PM:08:30:25/10/2021

26988 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم چەند بڕیارێکی نوێی تایبەت بە دابەشکردنی بەنزین لە بەنزینخانە ئەهلییەکاندا دەرکرد و تیایدا هاتووە، "ھەر بەنزینخانەیەک، بەنزینی نۆرماڵی حکومەت وەربگرێت، نابێت ھیچ بەنزینێکى دیکەى نۆرماڵ بفرۆشێت".


دەقی بڕیارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم:

یەکەم: بەنزینخانەکان لەلایەن فەرمانبەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، چاودێری دەکرێن.

دووەم: بەنزینەکە بە نۆرە، دابەشی سەر بەنزینخانەکان دەکرێت.

سێیەم:ھەر بەنزینخانەیەک، بەنزینی نۆرماڵی حکومەت وەربگرێت، نابێت ھیچ بەنزینێکى دیکەى نۆرماڵ بفرۆشێت.

چوارەم: نابێت بەنزینە حکومییە ئۆکتانبەرزەکە، تێکەڵی بەنزینی دیکەی نۆرماڵ بکرێت.

پێنجەم: نابێت دەستکاریی بەهاى بەنزین بکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ئێستادا نرخی بەنزین بۆ سەروو هەزار دینار بۆ هەر لیترێک بەرزبووەتەوە و لای خۆشییەوە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوایکرد رێگەیان پێبدرێت بەنزینی ٥٠٠ دیناری بهێنن و دوێنێش یەکشەممە جوڵانەوەکە بە نوسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کرد بێ ھیچ باج و سەرانەیەک رێگای بدەن بەنزین بھێنێتە ھەرێم.

لەماوەی رابردوودا و بەشێوەی پلەبەندی نرخی بەنزین بەرزبووەوە و بەمەش بارگرانی بۆسەر ھاوڵاتیان و شۆفێران دروستکردووە.

بەرپرسانی ھەرێم لەچەندین لێدوانی جیاوازیاندا بەڵێنیان بە ھاوڵاتیاندا قەیرانی بەنزین و بەرزبوونەوەی نرخەکەی بەزوترین کات چارەسەر بکەن، بەڵام تائێستا ئەو کێشەیە بە چارەسەر نەکروای ماوەتەوە و بەردەوام نرخی بەنزینش لەبەرزبوونەوەدایە.

 













گەلەری