سەردێڕ:

دوای دەستپێشخەرییەکەی شاسوار عەبدولواحید ئەمڕۆ ئەم بڕە بەنزینە دەگاتە ھەرێم

PM:02:11:24/10/2021

8216 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوای کرد رێگەیان پێبدرێت بەنزین بھێنن، ئەمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم رایگەیاند، "بڕی ٥٤٠ هەزار لیتر بەنزین دەگاتە هەرێم".


ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت ئەمڕۆ بڕی ٥٤٠ هەزار لیتر بەنزین دەگاتە وێستگەکانی هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان"، ئەمەش دوای ئەوەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستپێشخەرییەکی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم کرد بۆ پێدانی مۆڵەت بۆ هاوردەکردنی بەنزین بۆ ناو هەرێم.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمدا هاتووە، "لە دوو رۆژی ئایندەشدا ئەو بڕە بۆ دووبەرانبەر زیاد دەکرێت".

هەر ئەمڕۆش، جوڵانەوەی نەوپی نوێ بە نوسراوێکی فەرمی داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و پارێزگاری سلێمانی کرد، بەفەرمی رێگە بە جوڵانەوەکە بدەن بەنزین ھاوردەی ھەرێم بکات و لەبەرامبەریشدا، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم رایگەیاند، "ھیچ مۆڵەتێکی نوێ بە ھیچ کەس و لایەنێک نەدراوە بەنزین بھێنێتە ھەرێمەوە".

بەگوێرەی نوسراوەکە، جوڵانەوەکە مەرجی خۆی بۆ ھاوردەکردنی بەنزین ئاشکرا کردووە و دەڵێت، "ئامادەیە بەنزین ھاوردە بکات بە بێ ئەوەی ھیچ باج و سەرانە و پارەیان لێ بسەندرێت بۆ کۆمپانیا حیزبییەکان و ڕێبدەن نرخی سوتەمەنی و بەنزین دابەزێت".

لەبەرامبەردا، ھەر ئەمڕۆ راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، ھیچ مۆڵەتێکی نوێ بە ھیچ کەس و لایەنێک نەدراوە بەنزین بھێنێتە ھەرێمەوە. دەشڵێت، ھێنانی بەنزین بە ھەمان میکانیزمی پێشووە و مۆڵەت بە کەسی تر نەدراوە.

بەرپرسانی ھەرێم لەچەندین لێدوانی جیاوازیاندا بەڵێنیان بە ھاوڵاتیاندا قەیرانی بەنزین و بەرزبوونەوەی نرخەکەی بەزوترین کات چارەسەر بکەن، بەڵام تائێستا ئەو کێشەیە بە چارەسەر نەکروای ماوەتەوە و بەردەوام نرخی بەنزینش لەبەرزبوونەوەدایە.

نـ- غـ













گەلەری