سەردێڕ:

سەدر داوایەکی نوێ ئاراستەی حزبەکان دەکات

PM:04:07:23/10/2021

6096 جار خوێندراوەتەوە

موقتدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر لە عێراق داوا لە حزبە عێراقییەکان دەکات ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قەبوڵبکەن.


موقتەدا سەدر ، سەرۆکی رەوتی سەدر لە تویتێکدا ھەڵوێستی خۆی لەبارەی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکردەوە.

لەراگەیەنراوەکەی سەدردا هاتووە، " پاڵپشتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەلایەک دان پێدانانە بە پاک و بێگەردی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە و ھەروەھا دیمەنی جوانی دیموکراسی لە وڵات نیشان دەدات و لەلایەکی دیکەوە ئومێد دەبەخشێت بە ملکەچبوونی ئەو لایەنانەی کە بانگەشەی ئەو دەکەن ساختکاری لەو پرۆسە دیموکراتییە، ئەنجامدراوە".

ئاماژەی بەوەشداوە، کە ھەوڵی ژمارەیەک لایەن بۆ پەلکێشکردنی وڵات بەرەو گرژی و ئاڵۆزی و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی بە ھۆی رەتکردنەوەی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردن کارێکی شورەییە، جگە لەوەیش رەوشی سیاسی و ئەمنی وڵات ئاڵۆزتر دەکات.

موقتەدا سەدر جەختیکردووەتە لەسەر ئەوەی کە پێویستە رەوشێکی ئارام بۆ کۆمیسیۆن برەخسێندرێت تا بتوانێت کارەکانی لەبارەی تانەکانەوە تەواو بکات.

دەشڵێت، باوەڕبوون بە ئەنجامەکانی ئەلیکترۆنی، دەبێتە مایەی بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری بۆ عێراق و گەلەکەی.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راگەیێندراوێکی لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ١٠ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو بڵاوکردەوە و تیایدا ستایشی رۆڵی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.

ھەر لە راگەیەندراوەکەدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆی نیشاندا لەبارەی ئەو ھەڕەشە توندوتیژییەی کە دوای ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە ئاراستەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کراوە.

بەپێی دوایین ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٧٣ کورسی بەدەستھێناوە.













گەلەری