سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لەبارەی لێبڕینی موچەی دوو مانگی داهاتوو

PM:10:10:20/07/2021

97288 جار خوێندراوەتەوە

پێش کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کۆتاییهێنانی بە لێبڕینی موچە بەشار کیکی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێ ئاشکرایکرد و رایگەیاند، لەم دوو مانگەدا لێبڕینی موچە کۆتایی پێدێت.


بەشار کیکی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، ئەگەر ۲۰۰ ملیارەکە بەردەوامبێت لێبڕینی موچە کەم دەکرێتەوە، دەشڵێت، "حکومەتی هەرێم دەیەوێت لە ماوەی دوو مانگدا لێبڕینی موچە هەڵبگرێت."

بەشار کیکی ئەوەی خستەڕوو، ئەو ۲۰۰ ملیارە بودجە نییە و سولفەیە ئەگەری هەیە بەردەوام بێت یان رایگرن، حکومەتی هەرێم پێویستی بە پارەیە بۆیە داوایکردووە ئەو ۲۰۰ ملیارەی وەک سولفە بۆبێت.

راشیگەیاند، تا ئێستا یاسای بودجە لە بەشێکی شارەکانی عێراق نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ئێستاش بەشێک لە لایەنە عێراقیەکان دژی جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی بودجەن کە تایبەتن بە هەرێم.

لەبارەی بەشداریکردنی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنەکان ئەوەی خستەڕوو، "تا ئێستا گومانمان هەیە لە بڕیاری کشانەوەی سەدر لە هەڵبژاردنەکان، گومان دەکەین ئەم بڕیارەی سەدر یاریەکی سیاسی بێت و پەشیمان بێتەوە."

دەشڵێت، "ئەمریکا خوازیارە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، سیستمی هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە و گۆڕانکاریی بەدوای خۆیدا دەهێنێت."

ئەوەش لە کاتێکدایە، چەند مانگێک لەمەوبەر حکومەتی عێراق بڕیاریدا ٢٠٠ ملیار دیناری مانگانە وەک سولفە بۆ هەرێم بنێرێت، کە ئەوەش نارەزایەتی لایەنە عێراقییەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە و گرفتیان لەگەڵ ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم هەیە.

هاوکات، وەک پەرلەمانتارانی هەرێم باسیدەکەن، داهات زیادیکردووە و نرخی نەوتیش بەرزە، سەرەڕای بەرزی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، بەڵام هێشتا دەسەڵاتدارانی هەرێم پلانیان بۆ لابردنی لێبڕین ئاشکرانییە. سەرەڕای خراپی دۆخی هاوڵاتیان و سەختی باری ئابوریان، بەڵام موچەکانیان بە لێبڕینی ٪٢١ـەوە پێدەدرێت.













گەلەری