بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی تەلەعفەر رایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی پاشماوەی داعش دوو شوانی مەڕ گیانیانلەدەستدا و کەسێکی دیکەش برینداربوو.
ئەمڕۆ هەینی، تەها سەعدون بەڕێوەبەری پۆلیسی تەلەعفەر لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، بۆمبێکی چێنراوی پاشماوەی چەکدارانی گروپی داعش لە ناوچەیەکی نزیک تەلەعفەر تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە دوو شوانی مەڕ گیانیانلەدەستداوە و کەسێکی دیکە برینداربووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، تەمەنی شوانەکان نزیکەی حەوت ساڵان بوون.
لەلایەن خۆیەوە جەعفەر موحسین بەڕێوەبەری فریاکەوتنی نەخۆشخانەی تەلەعفەر
رایگەیاند، ئەمرۆ تەرمی دوو کوژراو و بریندارێک گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکەیان کە لە
ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراوەوە رووداوەکە روویداوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، رووداوەکە ئێوارە لەکاتی خۆر ئاوابووندا روویداوە،
کاتێک شوانەکان سەرقاڵی لەوەڕاندنی مەڕەکانیان بوون لە ناوچەیەکی کراوەدا بۆمبەکە
تەقیوەتەوە.