بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی هەرێم رایگەیاند، یاسای ژمارە ١٦ی ساڵی ١٩٩٣ تایبەت بە قەدەغەکردنی چەك بەهۆی بوونی کەموکوڕی زۆرەوە پێویستی بەهەموارکردنەوە هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، کارزان ئەمیر غەفوری، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی هەرێم بە میدیای پارتی راگەیاند، یاسای قەدەغەکردنی چەك کەموکوڕی زۆری تیایە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیان لەو
بابەتە کردووە بۆ ئەوەی یاسایەکی باشتر دابنرێت.
باسی لەوەشکردووە، پرسی هەموارکردنەوەی یاساکە لە ئێستادا لە ئەنجومەنی
وەزیرانە و دواتر رەوانەی پەرلەمان دەکرێت.
غەفوری روونیکردەوە، لەدوای راپەڕینەوە بەهۆی شەڕ و رووبەڕووبوونەوە بەتایبەت
شەڕی داعش هۆکاربوون چەکێکی زۆر بکەوێتە دەستی خەڵك.
لێدوانەکە لەکاتێکدایە بەیانی ئەمڕۆ لە ناحیەی حاجیاوا کوڕی بەرپرسێکی
سەربازی یەکێتیی لەسەر سەرەی نان تەقەی لە گەنجێکی ٢٦ ساڵی نانەوا کرد و برینداری
کرد.
لە چەند رۆژی رابردووشدا، لە شاری سلێمانی کوڕی بەرپرسێکی یەکێتیی تەقەی
لە پاسەوانی یەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کرد و کوشتی.