سەردێڕ:

بەدەل بەروارى ئازادکرا و دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگاى دهۆک

PM:06:44:20/10/2021

6600 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى رایگەیاند "مامۆستا بەدەل بەروارى ئازادکرا و لە ئێستادا لە رێگەى گەڕانەوەیە بۆ پارێزگاى دهۆک و بۆ ناو کەسوکارى".


ئارى کوڕى مامۆستا بەدەل بەروارى بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند "باوکم ئازادکراوە و لەرێگەى گەڕانەوەیە بۆ پارێزگاى دهۆک و گەڕانەوەى بۆ ماڵى خۆى".

 

ئازادکردنى مامۆستا بەدەل بەروارى لە کاتێکدایە کە دوێنێ سێشەممە پارێزەری دەستبەسەرکراوانی بادینان لەناو هۆڵی دادگاوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە لە ئێستادا سزای هەریەکە لە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی گۆڕدراوە و سزاکانیان سوک دەکرێت و ئازاد دەکرێن.

بەشدار چاوشین پارێزەری دەستبەسەرکراوانی بادینان رایگەیاند، ئەمە کۆتا دادگایی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی بوو و لە دادگاییەکەدا سزاکانیان سوککرا و ئازاد دەکرێن.

لەبارەی سزاکانیانەوە باسی لەوەکرد، کە ئەوان ماوەی ساڵێک زیاترە لە زینداندان و بەپێی حوکمەکەشیان کە گۆڕدراوە بۆ یاسای ژمارە ١٦ی ساڵی ١٩٦٩ی سزادانی عێراقی ماددەی ٢٢٢؛ سزاکانیان ساڵێک دەبێت، ئەوانیش ماوەی زیاتر لە ساڵێکیان لە زینداندا بەسەر بردووە، بۆیە ئازاد دەکرێن.

ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیارەکە تەنها لەدوای یەک رۆژ دێت لە راگەیەندراوێکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە تیایدا هاتبوو، دەستگیرکراوانی بادینان دەبێت ئازادبکرێن وەک هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ.

ماوەی چەندین جارە بە بیانوی جیاجیاوە دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی بادینان بۆ کاتی دیکە دوادەخرێت و ئەمەش، ناڕەزایەتی کەسوکاری دەستگیرکراوان و چاودێرانی بواری مافەکانی مرۆڤی بەدواداهات.

١١ مانگ پێش ئێستا ئەو دوو چالاکوانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و دواتریش، لەلایەن دادگای دھۆکەوە بە تۆمەتی خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و رێکخستنی خۆپیشاندان بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەرکرا.

ماوەی زیاتر لە ١٤ مانگیشە، ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەنووسی بادینان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمەوە بە چەند تۆمەتێک دەستگیرکراون، دواتریش دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بڕیاری سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ پێنج لەو دەستگیرکراوانە دەرکرد، سەرباری رەخنەکانیش لە بڕیارەکە، بەڵام دواجار دادگای پێداچوونەوە بڕیارەکەی پەسەند کرد.


 













گەلەری