سەردێڕ:

ناوى یەکەم تریلیۆنێر لەجیهاندا ئاشكرا دەکرێت

PM:05:18:20/10/2021

20564 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسێکى رووسى بڵاوى کردەوە، بانکی مۆرگان ستانلی پێشبینی کردووە، ئیلیۆن مەسك، سەرۆکی کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکس لەزووترین کاتدا ببێتە یەکەم تریلیۆنێری جیهان.


ئەمڕۆ چوارشەممە، بانکی مۆرگان ستانلی بڵاویکردەوە، پڕۆژەی سپەیس ئێکس بەمزوانە ئیلیۆن مەسک-ی خاوەنی دەکاتە یەکەم تریلیۆنێری جیهان.

ئاماژەی بەوەشداوە، جگە لەو پڕۆژەیە، ئۆتۆمبێلی تێسلا-ی کارەبایی بەشێوەیەکی پێشبینی نەکراو کڕیاڕ و هەواداری زۆر بووە.

باسی لەوەشکردووە، پڕۆژەی سپەیس ئێکس بەجۆرێك سەرکەوتووە کە ئاژانسی ناسای گەردوونناسی لەگەڵیدا هاوبەشی دەکات و مەسک-یش پلانی داناوە تاوەکو ساڵی ٢٠٥٠ ملیۆنێك کەس بنێرێتە سەر مەریخ و شارێک لەسەری بنیات بنێت.

ئەوەشی خستوتەڕوو، ئەو پڕۆژەیە ١٧٪ی سامانی مەسك پێكدەهێنێت و کۆی سامانەکەی نزیكبووەتەوە لە ٢٤١ ملیار دۆلاری ئەمەریکی.

ئادەم جۆناس، شیکەرەوەی بانکی مۆرگان ستانلی راشیگەیاندووە، بەهای سپەیس ئێکس نزیکەی ٢٠٠ ملیار دۆلاری ئەمەریکی دەبێت و ژێرخانێکی پتەوە بۆ گەردوونناسی و چاودێریکردنی زەوی.

ئیلیۆن مەسکی ملیاردێری ئەمەریکی تەمەن ٤٩ ساڵ خەونی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی مرۆیی لەسەر مەریخ هەیە، لە ساڵی ٢٠١٧دا ئاشکرا بوو کە کەشتی موشەکەکانی دروستکردوە کە ناوی "بی ئێف ئار"ی ھەڵگرتووە کە توانای ئەوەی ھەیە لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا بۆ ھەر شوێنێکی سەر زەوی بڕوات کە بیەوێت.













گەلەری