سەردێڕ:

پەرلەمان داوایەک لە مامۆستا و فەرمانبەران دەکات

PM:04:38:20/10/2021

12080 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی كاروبارى تەندروستی له‌ پەرلەمانی کوردستان داوا لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەکات بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا ڤاکسین وەربگرن.


ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنەی كاروبارى تەندروستی له‌ پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کردووە کە بەهۆى هەڵکشانى ژمارەى توشبووانى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان دووبارە فشارى زیاد لە پێویست کەوتووەتە سەر نەخۆشخانە و دەزگا تەندروستییەکانى کۆرۆنا.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە هەرچەندە لە ئێستادا بڕێکی باش لە ڤاکسینی کۆرۆنا لە بنکەکانی پێدانی ڤاکسین لە شارەکانی هەرێم بەردەستە، بەڵام بەداخەوە ڕێژەی کوتان و ئەو کەسانەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان وەرگرتووە کەمە و لە ئاستی پێویست و چاوەڕوانکراو نییە.

لە راگەیەندراوەکەدا لیژنەکە مەترسى ئەوەى هەیە کە جارێکی تر هەرێم رووبەرووی شەپۆلێکی تری کۆرۆنا ببێتەوە.

لیژنەکە داوا لە هاوڵاتییان دەکات پەلە بکەن لە وەرگرتنی ڤاکسین و هانی کەسوکاریان بدەن هەمووان ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن لەپێناو پاراستنی تەندروستی و گیانی خۆیان و ئازیزانیان.

هاوکات لیژنەکە داوا لە مامۆستایان و سەرجەم فەرمانبەران دەکات دەستپێشخەری بکەن لە خێرا وەرگرتنی ڤاکسین و ببن بە نموونەیەکی هۆشیار بۆ ئەوەی هاووڵاتییان چاویان لێ بکەن و ڤاکسین وه‌ربگرن.













گەلەری