سەردێڕ:

ئەو کەسەی تەقەی لە وەستای نانەواخانەکەی حاجیاوا کرد دەستگیرکرا

PM:02:05:20/10/2021

9920 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ کوڕی بەرپرسێکی یەکێتی لە ناحیەی حاجیاوا تەقەی لە وەستایەکی نانەواخانە کرد و برینداریکرد، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، تەقەکەرەکە خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ناحیەی حاجیاوای سەر بە ئیدارەی راپەڕین لە بەردەم نانەواخانەیەک کەسێک بە گولـلە بریندار کرا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بریندارەکە بەناوی (ب، ع، م) تەمەنی ٢٦ ساڵ رەگەزی نێر دانیشتووی حاجیاوا یەک گولـلە بەر جەستەی کەوتووە و بەڕێکرا بۆ نەخۆشخانەی گشتی رانیە و لە ئێستادا لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە و تەندروستی جێگیرە.

راشیگەیاندووە، دوای لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەرکەوت کە ئەو کەسەی بریندار بووە خاوەنی نانەوەخانەکە بووە و پێشتر هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و کێشەی تر لەنێوانیاندا نەبووە، بەڵام سەرەتا دەمەقاڵێ لەنێوانیاندا رووی داوە و دواتر بووە بە شەڕیان و بە مست لە یەکتریان داوە و دواتر لەکاتی شەڕەکەدا کەسەکە بە چەکی دەمانچە یەک گولـلەی ناوە بە خاوەنی نانەواخانەکەوە و بریندار بووە.

پۆلیسی راپەڕین باسی لەوەشکردووە، دوای رووداوەکەش کەسوکارەکەی تۆمەتبارەکە کوڕەکەیان رادەستی پۆلیس کردووە کە ناوی (س، م، م) تەمەن ٢٤ ساڵ لە رەگەزی نێرە و بەپێی ماددەی ٤٠٥/٣١ لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.

لە چەند رۆژی رابردووشدا، لە شاری سلێمانی کوڕی بەرپرسێکی یەکێتیی تەقەی لە پاسەوانی یەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کرد و کوشتی.

 













گەلەری