سەردێڕ:

داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکەی ئەفغانستان راگەیاند

AM:11:04:16/10/2021

2780 جار خوێندراوەتەوە

گروپی چەکداری داعش لە تێلیگرامی خۆی بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ناو مزگەوتێکی پەیڕەوکەرانی مەزھەبی شیعەی لە شاری قەندەھاری ئەفغانستان راگەیاند.


چەکداری داعش لە تێلیگرامی خۆی ئاشکرای کرد، لەکاتی ئەنجامدانی نوێژی ھەینی یەکێک لە دوو خۆکوژەکان لە راڕەوی مزگەوتەکەدا خۆی تەقاندووەتەوە و دووەمیشییان لە ناوەڕاستی مزگەوتەکەدا خۆی تەقاندووەتەوە.
رۆژی ھەینی،  وتەبێژێک بەناوی بزووتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، تەقینەوەیەک مزگەوتێکی پەیڕەوکەرانی مەزھەبی شیعەی لە باشووری ئەفغانستان لەکاتی نوێژی ھەینیدا کردووەتە ئامانج و بەوھۆیەشەوە، ژمارەیەکی زۆر ھاوڵاتی برینداربوون.
لەبارەی تەقینەوەکەشەوە، ئاژانسی ھەواڵی فرانس پرێس ئاماژەی بەوەکردووە، سێ تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لەکاتی نوێژی ھەینیدا مزگەوتەکەی ھەژاندووە و ژمارەیەکی زۆری ھاوڵاتیانیش بەشدارییان لە نوێژی ھەینی لەو مزگەوتەدا کردووە.
لەلایەن خۆیەوە، مەولەوی مەحمود بەڕێوەبەری پۆلیسی قەندەھار رایگەیاند، مزگەوتەکە لەلایەن نوێژخوێنانەوە پاسەوانی کراوە کە لە پەیڕەوکارانی مەزھەبی شیعەبوون، بەڵام لەمەو دوا راستەوخۆ بزوتنەوەی تاڵیبان خۆی پاسەوانی مزگەوتەکە دەکات. 
بەگوێرەی کۆتا ئامار، ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکە بۆ ٦٢ کوژراو و بریندارەکانیش بۆ نزیکەی ٧٠ کەس بەرزبووەوە.













گەلەری