سەردێڕ:

سعودیە لەبارەی ئەنجامدانی نوێژی بەکۆمەڵ لە هەر دوو حەرەم بڕیارێکی نوێی دەرکرد

AM:10:00:16/10/2021

7192 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی سعودیە رایانگەیاند، بە ھەموو توانایەکییانەوە پێشوازی لە نوێژخوێنان دەکەن لە مزگەوتی حەرەم لەشاری مەککە و مزگەوتی نەبەوی لە شاری مەدینە، بەمەرجێک ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتبێت و ماسکیش ببەستن، ئەمەش بەیەکەمین بڕیار دادەنرێت بۆ کردنەوەی ئەو دوو مزگەوتە نزیکەی دوای ساڵ و نیوێک لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا.


ئەمڕۆ شەممە، چاوگێک لە وەزارەتی ناوخۆی سعودیە بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاندووە، پێشوازی لە ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێژخوێنان دەکەن لە مزگەوتی حەرەم و نەبەویدا بەمەرجێک ھەردوو ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتبێت و ھەمووکاتێکیش دەمامک بەکاربھێنن.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو بڕیارە بۆ خەڵکانی دەرەوەی سعودیەشە و پێویستە ئەوانیش پابەندی رێنماییەکان ببن. 
باسی لەوەشکردووە، لەو شوێنانەی کە کراوەن پێویست ناکات دەمامک ببەستن و بەشێک لەرێکارەکانیان ھەڵگرتووە و ئاسانکارییان کردووە. 
ساڵی رابردوو، لە درێژەی ھەوڵەکانی وڵاتی سعودیە بۆ  رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا زۆربەی رێگەکانی پارێزگاکانی داخست، لە نێویاندا رێگەی چوون بۆ مزگەوتی حەرامی داخست.
بەڵام دوای تیپەڕبوونی حەوت مانگ، حکومەت رێگەیدا کە نوێژ لە مزگەوتی حەرەمدا بە کۆمەڵبکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوو بەھۆی سەرھەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتی سعودییە بەڕێوەچوونی نوێژی بەکۆمەڵ و ھەینی و ئەنجامدانی فەریزەی حەج و عەمرەی راگرت، ساڵی رابردوو رێگەیدا بە پابەند بوون بە رێکارەکانەوە ٦٠ ھەزار ھاوڵاتی ناوخۆیی ئەو وڵاتە فەریزەی حەج ئەنجام بدەن. دوای ئەوەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بەردەستبوو، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بەشێک لە رێکارەکانیان ھەڵگرت و وەرگرتنی دوو ژەم ڤاکسینیان بەمەرج دانا بۆ ئەوکەسانەی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەنیازن حەج و عەمرە ئەنجام بدەن و بە بەلبەرچاوگرتنی رێکارە خۆپارێزییەکانیش رێگە درا نوێژخوینان نوێژی بەکۆمەڵ و ھەینی لە ھەردوو مزگەوتی حەرەم لە شاری مەککە و مزگەوتی نەبەوی لە شاری مەدینە ئەنجام بدەن.







گەلەری