سەردێڕ:

لیرەی تورکی جارێکی تر دابەزی و ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد

AM:09:14:16/10/2021

9480 جار خوێندراوەتەوە

بەھۆی دابەزاندنی نرخی سود، دابەزینی لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد و لەبۆرسەکانی جیھاندا ھەر ١٠٠ دۆلارێک بە ٩٢٧ لیرە مامەڵەی پێوەدەکرێت و لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە تاوەکو ئێستا ١٩%ی بەھاکەی لەدەستداوە.


ئەمڕۆ شەممە، بەھای لیرەی تورکی بەرێژەی ٩% دابەزی و ھەر ١٠٠دۆلارێکیش بە ٩٢٧ لیرە ئاڵوگۆڕی پێوەدەکرێت.
سیلڤا دەمیرالب، بەرێوەبەری کۆڕبەندی توێژینەوەی ئابوری لە ئەنجومەنی یەدەگی فیدڕاڵی ئەمریکا رایگەیاند، دابەزینی بەردەوامی بەھای لیرەی تورکی دەرخەری ئەوەیە کە بانکی ناوەندی تورکی سەربەخۆ نییە و لەژێر فشاری سیاسیدایە.
باسی لەوەشکرد، نەبوونی متمانە بەو دراوە لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتەدا دڵەراوکێی دروستکردووە و بە بەردەوامی نرخی پێداویستییەکان بەرزبووەتەوە و ھەڵئاوسانی ئابووری زیاتربووە. 
دابەزینی نرخی لیرەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چەند بەرپرسێکی بانکی ناوەندی تورکیا دژایەتی خۆیان بۆ دابەزاندنی نرخی سود بۆ ١٨% دەربڕیوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لەسەرەتای ئەم مانگەدا، میدیاکان بڵاویانکردەوە نرخی لیرەی تورکی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دابەزی و لە ئێستادا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە نزیکەی ٩٠٠ لیرەی تورکیە.
ھاوکات، لە رۆژی ٢٩ی ئەیلولی ئەمساڵدا، بەھۆی سیاسەتە دراوییەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیاوە، بەھای لیرەی تورکی دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.
ئابوری تورکیا بەھۆی کەمی بەشداری وەبەرھێنەرەکانەوە دووچاری فشار و قەیرانێکی زۆر بووەوە. ھاوکات، بەھۆی ئەو رێکارانەی کە بانکی ناوەندی تورکیا گرتیەبەر و بووەھۆی ئەوەی فشارەکانی سەر لیرە زیاد ببێت و نرخەکانیش لەو وڵاتەدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە.












گەلەری