سەردێڕ:

هۆکارەکانی گرانبوونی سوتەمەنی لە هەرێمى کوردستان ئاشکرادەکرێت

PM:11:42:15/10/2021

10944 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند، چەند هۆکارێک هەیە بۆتە هۆی گرانبونی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان.


سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند "گرانبوونی نرخی نەوت لە جیهاندا هۆکارێکە، پێشتر بەنزینی بازرگانی لە ئێرانەوە دەهات لەئێستادا خواستی بەنزین لە جیهاندا زیادیکردووە لە ناوخۆی ئێرانیش خواست زیادی کردووە، فرۆشتنی بەنزینەکەی زیاتر بۆ ووڵاتی لوبنان و ئەفغانستانە بەنرخی جیهانی دەیفرۆشێت کە نرخەکەی زیادکردووە".

وتیشى" بازرگانانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ناسەقامگیری بازرگانی سوتەمەنی لە بازاڕدا ترسیان لەوە هەیە بەنزین بەڕێژەی زۆر هاوردە بکەن و حکومەتی عێراقی بەنزین بخاتە بازاڕەکانی هەرێم بەنرخی هەرزان ئەمەش دەبێتە زیان بۆ بازرگانان ئەمەش هۆکارێکی تری گرانبونی بەنزینە کە بازرگانان ناتوانن بەڕێژەی زۆر سوتەمەنی هاوردەبکەن".

سەرۆکى ژورى بازرگانى سلێمانى روونیکردەوە، حکومەتی هەرێم لەماوەی ٣٠ ساڵی حکومرانیدا نەیتوانیوە پاڵاوگەیەکی گەورە دروستبکات سوتەمەنی دابین بکات بۆ ناوخۆی هەرێم، و پەرلەمانتارانی هەرێم لە بەغداد نەیانتوانیوە وەک پێویست کاربکەن بۆ ئەو بەشە سوتەمەنیەی لەعێراق کە دەدرێت بە پازدە پارێزگا بەنرخی ٤٥٠ دینار هەرێمی کوردستانیش سودمەندبێت.

هیواشیخواست حکومەتی هەرێم هەنگاوی زیاتر بنێت لەگەڵ حکومەتی بەغداد بۆ ناردنی بەشە سوتەمەنی کە لە ١٥ پارێزگای عێراق جێگیری سوتەمەنی هەیە بە نرخی ٤٥٠ دینار.

سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی هۆکارێکى ترى دەستنیشانکرد و وتى " کۆمپانیا بازرگانیەکان لەجیهاندا جوڵەی بازرگانی بەخۆیەوە بینیوە سوتەمەنی زۆر بەکار دەهێنن ئەوەش بۆتە هۆکاری گرانبونی کرێی گواستنەوەی زەمینی و ئاسمانی و ئاوی، ئەمەش هۆکارێکی دیکە بۆ گرانبونی سوتەمەنی".

 


گۆران لوقمان، سلێمانى








گەلەری