سەردێڕ:

رەوتى سەدر لێدوانی بەرپرسێک لەبارەى پێکهێنانى حکومەت رەتدەکاتەوە

PM:11:29:15/10/2021

7108 جار خوێندراوەتەوە

مەکتەبی سیاسی رەوتی سەدر رایگەیاند، لێدوانی جێگری سەرۆکی لیژنەی دانوستانکاری رەوتەکەیان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە رەتدەکاتەوە.


ئەمرۆ هەینی، مەکتەبی سیاسی رەوتی سەدر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ماڵپەڕی حورەییان راگەیاند، نەسار روبەیعی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دانوستانکاری رەوتەکەیان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەهیچ شێوەیەک لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە لەگەڵ هیچ لایەنێکدا گفتوگۆی ئەنجام نەداوە.

پێشتر ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق، لە زاری نەسار روبەیعییەوە بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیرانی داهاتووی حکومەتی عێراق لە رەوتی سەدر دەبێت و حکومەت مل بۆ هیچ جۆرە سازانێکی سیاسی نادات.

رۆژی پێنجشەممە، رەوتی سەدر لە راگەیەنراوێکیدا ئاشکرای کرد، لیژنەیەکی چوار کەسییان بەمەبەستی دەستپێکردنی دانوستان و گفتوگۆکان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو لەگەڵ لایەنەکان پێکهێناوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە لیژنەکە لە هەریەک لە حەسەن عەزاری سەرۆکی لیژنەکە و نەسار روبەیعی جێگری یەکەم و نەبیل تەرفی جێگری دووەم و حاکم زاملی ئەندامی شاندەکە پێکهاتووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ١٠ی ئەم مانگە دەنگدانی گشتی و رۆژی هەشتی مانگیش دەنگدانی تایبەتی لەسەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەش، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، "ئەنجامی بەراوردکاری دەنگەکانی دەستیی و ئەلیکترۆنی هاوتابوون".








گەلەری