سەردێڕ:

باڵیۆزێک فێڵێکى نوێ لە کۆچبەرانی عێراق ئاشکرا دەکات

PM:10:09:15/10/2021

16388 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزی عێراق لە پۆڵەندا رایگەیاند، کۆچبەرە عێراقییەکان کە داوای پەنابەرێتییان کردووە لەلایەن تۆڕەکانی دزین و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە هەڵخەڵەتێنراون، بەمەش بەرژەوەندی و پارەکانیان لەدەستداوە.


ئەمڕۆ هەینی، حسێن مەنسور سافی باڵیۆزی عێراق لە پۆڵەندا، لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی دیدارێکیدا لە وارشۆی پایتەخت لەگەڵ بارتوش گرۆدیکی بریکاری وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە رایگەیاند، حکومەتی عێراق هەوڵەکانی چرکردووەتەوە بەمەبەستی هۆشیارکردنەوەی هاونیشتیمانیانی.

دەشڵێت، هەوڵدەدات کۆچی نایاسایی کەمبکاتەوە و گەشتەکانیشی بۆ مینسکی پایتەختی بیلاروسیا رابگرێت.

حسێن مەنسور سافی ئاماژەی بەوەشدا، کۆچبەرە عێراقییەکان کە داوای پەنابەرێتییان کردووە لەلایەن تۆڕەکانی دزین و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە هەڵخەڵەتێنراون، بەمەش بەرژەوەندی و پارەکانیان لەدەستداوە.

باڵیۆزی عێراق لە پۆڵەندا داوای لەو کۆچبەرانەکرد کە لە سنوری نێوان پۆڵەندا و بیلاروسیا گیریانخواردووە، بەخواستی خۆیان بگەڕێنەوە بۆ نیشتیمان لە رێگەی باڵیۆزخانەی عێراقەوە لە پۆڵەندا.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا بەهۆی گەشتکردنی بەشێک لە کۆچبەرانی نایاسایی عێراق گەیشتنە وڵاتی بیلاروسیا و هەوڵییاندا لە رێگەی سنورەکانی ئەو وڵاتەوە بچنە ناو هەریەک لە لیتوانیا و پۆڵەندا و لەوێشەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا کۆچ بکەن.

بەهۆی گیرخواردنی بەشێک لە کۆچبەران لە سەر سنوری لیتوانیا و پۆڵەنداوە روبەڕووی چەندین گرفتبوونەوە و ژمارەیەک کۆچبەریش بەهۆی مامەڵەی پاسەوانانی سنوری لیتوانیا و بیلاروسیاوە توشی ئەشکەنجەدان بوون و چەند کۆچبەرێک گیانیانلەدەستدا. حکومەتی فیدڕاڵی عێراق بەردەوام لەهەوڵدایە بەمەبەستی گێرانەوەی کۆچبەرە نایاسییەکان بۆ ناو خاکی وڵات.













گەلەری