سەردێڕ:

لاهور جەنگی لە سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکەی یەکێتی و گۆڕان کشایەوە

PM:10:11:19/07/2021

34312 جار خوێندراوەتەوە

لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاندووە کە لە سەرۆکی هاوپەیمانێتی یەکێتی و گۆڕان کشاوەتەوە و رووداوەکانی ئەو دواییانەی یەکێتیش بە پلانگێڕی ناودەبات.


هاوسەرۆکی یەکێتی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لە ئێستادا خۆشحاڵم کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ڕێرەوی حزبیمان گرتۆتەبەر کە تەنها ئەوەش ڕێگەچارە درووست و ڕێپێدراوەکەیە، کە ئەویش گەڕانەوەیە بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە لە کۆنگرەدا شەرعیەتی وەرگرتووە، چونکە ئێمە لە کۆنگرەدا بە هەڵبژاردن هاتووین نەک بە ئینقیلاب."

لاهور جەنگی ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر رەزامەندی خۆیی و بەشێوەیەکی کاتی دەسەڵاتەکانی پێشکەش بە هاوسەرۆکی دووەم کردووە تا ئەوکاتەی پەیڕەوی ناخۆی حزبەکەیان هەموار دەکرێتەوە.

لاهور جەنگی لەبارەی بێدەنگبوونیەوە لەو رووداوانەی ئەم دووایانەی یەکێتی دەڵێت، "هەرگیزا و هەرگیز باوەڕم بە بەکارهێنانی هێز نەبووە و نییە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی حزبی، پێم وایە هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان تەنها لە کاتی مەترسی لەسەر هەرێمەکەمان و هاوڵاتیانی کورد دەبێت رووی تفەنگەکانیان لە دوژمن بێت، نابێت ڕێگە بدەن نە بەندە و نە هیچ کەسێکی تر لەم هەرێمە بۆ مەرامی شەخسی خۆیان بەکاریان بهێنن."

ئەو هاوسەرۆکەی یەکێتی دەشڵێت، "دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە دان بەخۆداگرتنمان و نەبوونی پەرچەکردارمان تەنها لە پێناو خۆشەویستیمانە بۆ خاک و خەڵکی کوردستان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی شاری سلێمانی و هەرێمەکەمان، ئەوەی کە گرنگ بوو خوێن لە لوتی منداڵێکی هەژاری ئەم هەرێمە نەهات لە پێناو یەکلایکردنەوەی کێشەی حزبی ئێمە، لە هەمان کاتدا توانیمان بەو بێدەنگییە؛ ڕێگری بکەین لە لەتبوونی یەکێتییەکەی مامی رابەر و کۆچکردوومان."

بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش، مەرجێک دەخاتەڕوو و دەڵێت، "تاکە مەرجم بۆ ئەمەش پێکهێنانی لیژنەیەکە لە مەکتەبی سیاسی بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی هەموو ئەو تۆمەت و پڕوپاگەندە بێبنەمایانەی لە هەندێک میدیا و سۆشیاڵ میدیا بۆ چەواشەکردن بڵاو دەکرانەوە و لە دوایشدا ئەنجامەکانی بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ڕایگشتی بڵاوبکرێتەوە".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی هاوسەرۆکی یەکێتیدا هاتووە، "لە سۆنگەی ئەم پێشهاتە نوێیانەی ناو حزبەکەم لە بەرپرسیارییەتی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان دەکشێمەوە و بەرپرسیارێتییەکەی بە هاوسەرۆک و ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەسپێرم."

لە رۆژی ٨ی ئەم مانگەوە، گرژیی و ئاڵۆزی لەنێوان هاوسەرۆکانی یەکێتیدا سەریهەڵدا و بافڵ تاڵەبانی بەبڕیاری خۆی بەرپرسانی دەزگاکانی زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی و دواتریش خۆی وەک سەرۆکی یەکێتی ناساند، لە بەرامبەریشدا لاهور جەنگی بە پیلانگێڕی ناوی بردووە.








گەلەری