سەردێڕ:

دەستپاکی بڕی ئەو پارەیەی ئاشكرا كرد کە گەڕێنراوەتەوە بۆ عێراق

PM:06:03:15/10/2021

12012 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەستپاکی عێراق بڕی ئەو پارەیەی ئاشکرا کرد کە لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ گەڕێنراوەتەوە بۆ حکومەتی فیدڕاڵی.


ئەمڕۆ هەینی، موعتەز عەباس، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی گەڕاندنەوەی پارەکانی سەر بە دەستەی دەستپاکی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، کۆی ئەو بڕە پارەیەی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات گەڕێنراوەتەوە نزیکەی ١٧ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلار بووە.

ئاماژەی بەوەشدا، فەرمانگەکەیان هەوڵیداوە کۆی دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بگەڕێنێتەوە کە لەلایەن دادگاکانی وڵاتەوە فەرمانی گێرانەوەی بۆ دەرکراوە.

لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی بلۆک کراوە و فەرمانی گێڕانەوەیان بۆ دەرکراوە بریتییە لە یەک ملیار و ٤١٧ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار و ٨٤٢ دۆلار و ٣٣ ملیۆن و ٥٨٢ هەزار و ٧٢٥ یۆرۆ و دوو ملیۆن و ٣٢٩ هەزار و ٥٢١ جونەیهی ئیستەرلینی بەریتانی و ٩٥١ ملیار و ٤٢٨ ملیۆن و ٢٦٣ هەزار و ٢٨٦ دیناری عێراقی و ٧٢٠ هەزار و ٥٢٩ دیناری ئەردەنی و سێ هەزار و ٦٥٢ فرەنکی سویسری.

موعتەز عەباس، باسی لەوەشکرد، دەست بەسەر ١٤ موڵک و پێنج پشکی کۆمپانیای جۆراوجۆردا گیراوە.

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی گەڕاندنەوەی پارەکانی سەربە دەستەی دەستپاکی عێراق وتیشی، توانراوە بڕی چوار ملیۆن و ١٧٠ هەزار دۆلار لە چەند وڵاتێکی دیکە لە دەرەوەی عێراق بلۆک بکرێت و بەم نزیکانە دەگەڕێنرێنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دەستەی دەستپاکی عێراق لەسەرەتای مانگی ئەیلولەوە رایگەیاند، کۆی ئەو بڕە پارەیەی دەستی بەسەردا گیراوە و بەشێکی گەڕێنراوەتەوە بۆ سەر هەژماری بانکی گەنجینەی گشتی بریتی بووە لە ٢٥٣ ملیار و ٥٨٦ ملیۆن و ٢٧٣ هەزار و ٢٥٩ دیناری عێراقی و چوار ملیار و ٩٢٠ ملیۆن و ٩٦ هەزار و ١٣٧ دۆلار.

 


کـ ، ئـ













گەلەری