سەردێڕ:

بەتۆمەتی بردنی ٨٠ دەفتەر دەستگیرکرا

PM:03:13:15/10/2021

15588 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، کەسێکییان بە تۆمەتی وەرگرتن و بردنی بڕی (٨٠ دەفتەر دۆلاری ئەمریکی) هاوڵاتییان دەستگیرکرد.


ئەمڕۆ هەینی، بەشی پۆلیسی ناوشار ڕۆژهەڵات/ بنکەی پۆلیسی باداوەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، کەسێکییان بەناوی (ز. ا. ر) بەتۆمەتی فێڵکردن لە زیاتر لە سێ هاوڵاتی و بردنی بڕی (٨٠٠ هەزار دۆلار) بەپێی ماددەی ٤٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە.

لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، سێ پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە بنکەی پۆلیسی ناوشار بۆ ئەو تۆمەتبارە کراوەتەوە و لە ئێستاشدا بەپێی ماددەی ٤٥٦ دەستگیرکراوە.

 

 

ساڵی رابردوو، گەنجێک بە ناوی سلێمان هەڵشۆیی لە ناوچەی پشدەری هەرێمی کوردستان دەستگیرکرا، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەک زۆر هاوڵاتی لە بەردەم ماڵەکەیدا کۆبوونەوە و رایانگەیاند، کە سەدان هەزار دۆلاریان پێداوە و ئێستا ناتوانێت بیانداتەوە.

وەک ئەو هاوڵاتیانە باسی دەکەن، مامەڵەکانی سلێمان هەڵشۆیی بە جۆرێک بووە، ئۆتۆمبێل، خانوو، زێڕ، مەڕوماڵات و دەمانچە، هەرشتێک پارە بکات بۆ ماوەی دوو مانگ تاوەکو شەش مانگ لە هاوڵاتییانی وەرگرتووە، بە نیوەخێر یان زیاتر بە مەرجی ئەوەی درەنگتر پارەکەی بدات، بۆ نموونە بە جۆرێک ئەگەر شتومەکێک بە بە ٢٠ هەزار دۆلار بووبێت، ئەو بە ٢٨ هەزار دۆلار وەریگرتووە بەو مەرجەی دوای دوو مانگ تاوەکو شەش مانگ پارەکەی بدات.

پاش سلێمان هەڵشۆیی، کەسێکی دیکە بە بردنی ٤٥ ملیۆن دۆلار لە رێگای کۆمپانیای تایبەت بە مامەڵەکردن بە دراوی ئەلیکترۆنییەوە تۆمەتبار دەکرێت و لە ئێستاشدا ئەو کەسە بۆ دەرەوەی وڵات هەڵهاتووە و ژمارەیەک هاوڵاتیش داوادەکەن حکومەت پارەکەیان بۆ بگەڕێنێتەوە.

مانگی رابردوو، یاریدەدەرێکی پزیشکی دەرمانساز لە هەولێر، نزیکەی هەزار دەفتەر دۆلاری خەڵکی بردووە و رایکردووە و سەندیکای پارێزەرانیش بابەتەکەی بۆ ئێن ئاڕ تی پشتڕاستکردەوە.


 













گەلەری