سەردێڕ:

ژیان لە نێو کەمپی هۆڵ لە رۆژئاوای کوردستان

PM:02:55:15/10/2021

8684 جار خوێندراوەتەوە

"کەمپی هۆڵ" ئەو شوێنەی کە بووە بە لانکەی نیشتەجێبوونی زۆرەملێی هەزاران پیاو، ژن و منداڵی چەکدارە بیانییە داعشەکان، کەمپێکە لە شێوەی شارێکی تەنراو بە چەکدار و چوارچێوەی سەربازی.


خێزانەکان تێکەڵ بە یەک دەژین، لوولەی تفەنگى پاسەوانەکانی کەمپەکەیان هەمیشە لەبەرچاوە و چواردەورەی تەنراو بەکارەبای دەوری کەمپەکەش، هێندەی تر ژیانی ئەو مرۆڤانەی دەورەداوە.

"کەمپی هۆڵ" لە بیاباندایە و چوار کیلۆمەتر بە ئۆتۆمبێل دوورە لە ناوچەی مەلیکە لە نزیک شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستانەوە.

نزیکەی "٦٠ هەزار" کەس لە ٥٠ وڵاتی جیهانەوە لە نێو کەمپی هۆڵدا هەن، لەو رێژەیەش ٣٠ هەزار عێراقی، ٢٠ هەزار سووری و نزیکەی ١٠ هەزار کەسی دیکەش لە وڵاتانی دیکەی جیهان پێکهاتوون، نزیکەی ٢٠ هەزار منداڵی بە رەگەز عێراقیی و سووریشی تێدایە، هاوکات دوو هەزار و ٥٠٠ خێزانی چەکدارە داعشە بیانییەکانی تێدایە، زۆرێک لەوانە لەسەروبەندی تێکشکانی گرووپی چەکداری داعشەوە لە باغووز لەساڵی ٢٠١٩ەوە، لە نێو کەمپەکەدا دەستبەسەرن.

هەر زووش، حکومەتی عێراق پشتراستیکردەوە کە ٥٠٠ خێزانی عێراقی لە نێو کەمپەکەدان و زۆربەشیان لەسەروبەندی کۆنتڕۆڵکردنی بەشێکی زۆری خاکی عێراق لەلایەن داعشەوە بەرەو سوریا و دواتریش بۆ کەمپەکە گوازرانەوە، هەندێک لەو خێزانانەش پەیوەندییان لەگەڵ گرووپی چەکداری داعشدا هەبووە.

Syrians Leave Notorious Al Hol but the Camp Is Still a Hotbed of Extremism - Fanack.com

جیاواز لەوەی کەمپەکە بە تەلبەنی رووپۆشکراو بە کارەبا دەورە دراوە، ژنەکانیشی بە پەچە و حیجابی رەش خۆیان داپۆشیوە و تەنها چاویان بەدەرەوەیە، هەندێک لە ژنەکانیش سەختیی ژیان، رووپۆشی توڕەیی و بێزاریی لەسەر روخساریان نەخشاوە.

زۆرێک لە ژنەکان بەبێ هاوسەرەکانیان ژیان دەگوزەرێنن، هاوسەرەکانیان کوژراون یان دەستگیرکراون، یانیش بێسەرووشوێنن و هیچ سەرەدەواێک لەسەر ژیانیان نییە، ژنەکانیش لەنێو کەمپەکەدا لەگەڵ منداڵەکانیان دەژین.

تا ئێستاش، زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ئامادە نین هاوڵاتییەکانی خۆیان کە نیشتەجێی کەمپەکەن بیانگوێزنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان، رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤیش دەڵێت، "تەنها ٢٥ وڵات ئامادەییان دەربڕیوە بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییەکانیان لەنێو کەمپەکەدا بۆ وڵاتەکانی خۆیان، ئەوانیش زیاتر وڵاتەکانی کازاخستان، کۆسۆڤۆ، روسیا و ئۆزبەکستانە.

ئەمریکا زۆربەی هاوڵاتییەکانی خۆی لەنێو کەمپەکەدا بۆ ئەمریکا گواستووەتەوە،بەڵام وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا رەتیانکردووەتەوە کە ئەو کەسانە بگەڕێننەوە بۆ وڵاتانی خۆیان.

کوشتنی رۆژانە

توندوتیژی و کوشتن لە نێو کەمپەکەدا، لە هەرە حاڵەتەکانی رۆژانەن و کێشەیەکی سەرەکییە رووبەڕووی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێتەوە، کە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبەردنی کەمپەکەی لەئەستۆدایە.

عەبدولکەریم ئەحمەد وەزیری دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان (باکووری رۆژهەڵاتی سوریا) بە ماڵپەڕی بی بی سی راگەیاندووە، "هێشتا داعش و ئایدۆلۆژیای داعش لە نێو کەمپەکەدا حوکم دەکات".

Child outside a tent

وەزیری دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان (باکووری رۆژهەڵاتی سوریا) ئاماژەی بەوەشکردووە، "ژنی چەکدارە داعشەکان پشێوی دەنێنەوە و بەرپرسیارن لە توندوتیژییەکان، ئەوان خێمەی ئەو کەسانە دەسووتێنن کە شوێن رێسا و ئایدۆلۆژییەکانی داعش ناکەوێت. تەنانەت، "بیر و هزرە توندەکانیان بۆ منداڵەکانیان دەگوازنەوە و وەک ئەندامی داعش پەروەردەیان دەکەن".

نیشتەجێبووەکانی کەمپەکە، لە وڵاتانی ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپا پێکهاتوون و لەئێستاشدا دەستەبەسەرن لە نێو کەمپەکەدا.

دۆخی منداڵانی نێو کەمپەکە

دۆخی منداڵەکان گەر خراپتر نەبێت لە گەنج و تەمەن گەورەکان، ئەوا هیچ باشتر نییە، گەورەترین مەترسییەک لەسەریان دابڕانیانە لە قوتابخانە و خوێندن.

عەبدولکەریم ئەحمەد دەڵێت، "کاتێک بەنێو کەمپەکەدا تێپەڕدەبین، منداڵان بەردمان تێدەگرن، شکاندنی شوشەی پەنجەرەکان و بەردگرتنە پاسەوانەکانی کەمپەکە، دیاردەیەکن کە ئاسایی بوونەتەوە و رۆژانە روودەدەن.

Syrians Leave Notorious Al Hol but the Camp Is Still a Hotbed of Extremism - Fanack.com

زۆرێکیان واقیان لەژینگەی نێو کەمپەکە وڕماوە و تەنها بە سەرسوڕمانەوە دەڕواننە دیمەنەکانی نێو کەمپەکە، زۆربەیان جگە لە دیمەنەکانی جەنگ هیچی تریان نەبینیوە، "مەگەر لەو خەونەکانیشیاندا، ئەگینا چاویان بە قوتابخانە و پێنووس و تیانووس نەکەوتووە".

کاریگەری جەنگ تەنها لەسەر ناخ و دەروونیان شوێنەواری جێنەهێشتووە، بەڵکو کاریگەری فیزیکیشی بۆ درووستکردوون، هەیە قاچێکی نەماوە، چاوێکی لەدەستداوە، دەستێکی بڕاوە یان دۆخی لەوە سەختتریش لەدەستدانی جوڵەی تەواوەتییە لای هەندێک لە منداڵەکانی "کەمپی هۆڵ".

جگە لەمانەش، زۆربەی منداڵەکان دایک یان باوکیان لەدەستداوە و هەندێکیشییان لەدەستدانی دایک و باوکیان وایکردووە، کە بچنە ژێر چەتری خانەوادەی دیکەوە بۆ بەسەربردنی ژیانیان.

گرووپی چەکداری (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام) ناسراوە بە داعش، لەساڵی ٢٠١٣دا دامەزرا و لەساڵی ٢٠١٤شدا دەستیگرت بەسەر زۆربەی خاکی عێراق و سوریا، دواتریش لەساڵی ٢٠١٧دا، هەریەکە لە سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بەهاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، کۆتاییهاتنی تەواوەتی ئەو گرووپەیان لەخاکی عێراق راگەیاند.

بەڵام، تائێستاش گرووپ و شانەی نوستووی ئەو گرووپە لە عێراقدا ماون و ناو بە ناویش، لەعێراق و بەتایبەتی لە ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان هەرێم و عێراقدا کە بۆشایی ئەمنی تێدایە، هێرش و پەلاماری چەکداری بۆ سەر سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە ئەنجام دەدەن.

نەورەس غەریب













گەلەری