میدیا ئەفغانییەکان بڵاویانکردەوە، بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە مزگەوتێکی شیعە لە شاری قەندەهاری ئەفغانستان لەکاتی نوێژی هەینی، ١٦کەس کوژران و ٣٢ی دیکەش برینداربوون.
لەبارەی ئاماری زیانە گیانییەکانیشەوە، چاوگێک لە لە نەخۆشخانەی ناوەندی شاری قەندەهار بە میدیاکانی راگەیاندووە، "تا ئێستا ١٦ کوژراو و ٣٢ی بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانە".
وتەبێژێک بەناوی بزووتنەوەی تاڵیبانیش رایگەیاند، تەقینەوەیەک مزگەوتێکی
پەیڕەوکەرانی مەزهەبی شیعەی لە باشووری ئەفغانستان لەکاتی نوێژی هەینیدا کردووەتە
ئامانج و بەوهۆیەشەوە، ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی برینداربوون.
لەبارەی تەقینەوەکەشەوە، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس ئاماژەی بەوەکردووە، سێ
تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لەکاتی نوێژی هەینیدا مزگەوتەکەی هەژاندووە و ژمارەیەکی
زۆری هاوڵاتیانیش بەشدارییان لە نوێژی هەینی لەو مزگەوتەدا کردووە.
ئەو وتەبێژەی تاڵیبان ئەوەشی خستوەتەڕوو، تائێستا هیچ گرووپ و کەسێک
بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکە نەگرتووەتەئەستۆ.
هەفتەی رابردووش، لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا کە مزگەوتێکی هۆزی هەزارەی سەر
بە مەزهەبی شیعەی لە شاری قندووزی لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان کردە ئامانج و
بەوهۆیەشەوە، ٥٠ کەس کوژران و ١٤٠ی دیکەش برینداربوون.
رۆژی ١٥ی ئابی ئەمساڵ، بزووتنەوەی تاڵیبان تەواوی ئەفغانستانی کۆنترۆڵکرد و
کۆتایی بە حوکمی ئەشرەف غەنی سەرۆک کۆماری ئەفغانستان هێنا، دوای چەند هەفەتەیەکیش
تاڵیبان حکومەتی کاربەڕێکەری کۆماری ئیسلامی ئەفغانستانی راگەیاند.