سەردێڕ:

کازمی هۆشداریی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە دەدات

PM:11:00:14/10/2021

10008 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق هۆشداریدا لە مامەڵەکردنی نایاسایی لەگەڵ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختە و دەڵێت، "بەڵێنمان بەجێ گەیاند کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدەین بەبێ ئەوەی هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی و یاسایی تۆمار بکەین".


مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکیدا لەمیانی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیراندا رایگەیاندووە، "هەموو کەس و قەوارە سیاسییەک مافی پێشکەشکردنی تانەی هەیە، پێویستە کۆمیسیۆن بەجدی بەدواداچوون بۆ ئەو تانانەنە بکات، هۆشداریی دەدەم لە هەر هەوڵێک بۆ دەرچوون لە رێکارە یاساییەکان لە مامەڵەکردن لەکەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان".

کازمی داواشی لە سەرجەم قەوارە براوەکانی هەڵبژاردن کردووە بۆ کارکردن پێکەوە و هەماهەنگیکردن لەگەڵ یەکتر بە "رۆحییەتی نیشتمانی" بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و رایگه‌یاند، "ئێمە بەڵێنمان بەجێ گەیاند کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدەین بەبێ ئەوەی هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی و یاسایی تۆمار بکەین".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە یەکەمجارە هەڵبژاردن بەبێ قەدەغەی هاتوچۆ ئەنجام دەدرێت و بەبێ ئەوەی سەرۆکی حکومەت وەک کاندید بەشداریی تێدا بکات.

ئەم لێدوانەی مستەفا کازمی دوای ئەوە دێت کە گروپە چەکدارییەکان هۆشدارییاندابوو لە ئەگەری کەوتنەوەی رووداوی توندوتیژی لە وڵاتەکەدا بەهۆی رەتکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ دیارییکردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، کە بۆ یەکەمجار بوو نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێری هەڵبژاردن بکات لە عێراقدا.













گەلەری