لە وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران و تورکیا بەرێژەیەکی بەرز دیاردەی بومەلەرزە تێیاندا دووبارە دەبێتەوە و ھەندێجار لە عێراق و ھەرێم ھەستییان پێدەکرێت، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای ھاوڵاتییان دروستکردووە. شارەزایان ھۆکارەکان و کاریگەرییەکانی ئەم دیاردەیە رووندەکەنەوە.
حەسەنەین باسم محەمەد پسپۆڕ لەبەشی روانگەی بومەلەرزە لە دەستەی گشتی کەشناسی عێراق بە ئاژانسی فەرمی ھەواڵی عێراقی راگەیاند، ئەو بومەلەرزانەی لە عێراق و پلێتی عەرەبیدا روودەدەن روداوێکی سروشتین، لە ئەنجامی جوڵەی پلێتی عەرەبییەوە بە ئاراستەی باکور و باکوری خۆرھەڵات و بەپێچەوانەی میلی کاتژمێرەوە روودەدەن.
ئەوەشی خستەڕوو، تێبیندەکرێت جارناجارێک بەھۆی چالاکبوونی درزی زەوییەوە بومەلەرزەکان روودەدەن و ھەرئەوانیش دەستنیشانی دەکەن. دەشڵێت، درزی زەوی، واتە ئەو تێکشکانەی لەزەویدا روودەدات و بەھۆیەوە وزە دەردەرچێت.
ئەو پسپۆڕەی بەشی روانگەی بومەلەرزە لە دەستەی گشتی کەشناسی عێراق باسی لەوەشکرد، چالاکی بومەلەرزەکان پەیوەستە بەشتێکی دیکەشەوە، ھەرکات بومەلەرزە چالاکبوو، ئەوا درزی زەوی چالاکدەبێت، بۆ نمونە، کاتێک لە ئێران بومەلەرزەیەک بەگوڕی ٥.٧ پلە بە پەلی رێختەر چالاکدەبێت، ئەوا دەبێتە ھۆی چالاکبوونی درزی زەوی لە پلێتی عەرەبی و لەوناوچانەی ھاوبەشە لە نێوان ئێران و عێراقدا چالاکدەبن.
دەشڵێت، لە رابردوودا بەھۆی ئەم دیاردەوە نزیکی چوار بومەلەرزە لە شاری خانەقین تۆمارکراوە، چونکە دەکەوێتە نێوان عێراق و ئێرانەوە و خاڵی ھاوبەشە لەگەڵ قەسری شیرین.
لەبارەی نیگەرانبوونی ھاوڵتییان بەرامبەر بومەلەرزەکان، حەسەنەین باسم محەمەد پسپۆڕ لەبەشی روانگەی بومەلەرزەکان لە دەستەی گشتی کەشناسی عێراق ئاشکرای کرد، بومەلەرزەکان ھیچ پێویست بە نیگەرانی ناکات، چونکە ئەوانەی لە عێراق و ھەرێم روودەدەن تەنھا درکردنی وزەیە و ھیچی تر.
لەبارەی ھەستپێکردنی بومەلەرزەکانەوە ئاماژەی بەوەشدا، لە ٨٠٪ بومەلەرزەکان لە عێراق و لە سەر ئاستی جیھانیشدا ھەستییان پێناکرێت.
لەبارەی پەیوەندی ھێزی بومەلەرزەکان و ژمارەی دووبارەبوونەوەیاندا دەڵێت، ھەتا گوڕی بومەلەرزەکان بەھێزتربێت ژمارەیان کەمتردەبێت.
وتیشی، گۆڕانی کەشوھەوا و رەگەزەکانی جیۆلۆجی ھیج پەیوەندییان بە چالاکبوونی بومەلەرزەکانەوە نییە، چونکە بومەلەرزەکان لە قوڵایی زەویدا روودەدەن کە لە قوڵایی پێنج کیلۆمەترەوە دەستپێدەکات و بۆ قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە.
لەبارەی پێشبینیکردنی روودانی بومەلەرزەکانەوە ، عامر جابری بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسی عێراق جەختی کردەوە، دەستەکەیان چەندین روانگەی ھەیە بۆچاودێریکردن و تۆمارکردنی بومەلەرزەکان لەسەرتاسەری عێراقدا بەھەرێمی کوردستانیشەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، رودانی بومەلەرزەکان پێشبینیناکرێن و دەستەی کەشناسی عێراق ناتوانێت پێشبینی روودانیان بکات، بەڵام چەند تیمێکیان ھەیە کە ساڵانە دوو جار سەردانی ئەو ناوچانەدەکەن زۆرترین بومەلەرزە تێیاندا روودەدەن.
لەبارەی ژمارەی ئەو بومەلەرزانەی دەستەی کەشناسی عێراق تۆماری کردوون، عامر جابری باسی لەوەشکرد، لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمەوە تا مانگی ئەیلولی ٢٠٢١ دەستەکەیان ٢٦٩ بومەلەرزەی تۆمارکردووە لەو ژمارەیەش ١٢٠ بومەلەرزەیان لەناوخۆی عێراق و ١٢٩ی دیکەیان لە ناوچە سنورییەکانی نزیک لە ئێرانەوە تۆمارکراون. سەرەڕای ئەوەی ١٢ بومەلەرزە لە سنوری نزیک لە سوریاوە و یەک دانەی دیکەش لە نزیک سنوری کوەیتەوە تۆمار کراون.
ھەروەھا لەبارەی گوڕی بومەلەرزەکانەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسی عێراق ئەوشی خستەڕوو، گوڕی بومەلەرزەکان لەنێوان ٣ بۆ ٥ پلە بە پێوەری رێختەربوون، بەتایبەتی لەناوچەی کەلاری سەربە پارێزگای سلێمانی.
دەشڵێت، گۆڕانکارییە جیۆلۆجییەکان کاریگەرییان لەسەر بومەلەرزەکان ھەیە، بەڵام گۆڕانکاری کەشوھەوا و وشکەساڵی ھیچ کاریگەرییەکی نییە، ھەتا شەپۆلی بازنەیی بومەلەرزەکە فراوانتربێت کاریگەرییەکی کەمتر دەبێت.
بومەلەرزە؛ رووداوێکی سروشتییە، بەھۆی جوڵانی پلێتەکانی ژێر زەوییەوە دروستدەبێت و لەسەر ئاستی جیھان چەند چرکەیەک جارێک بومەلەرزە روودەدات، بەڵام ژمارەیەکی زۆر کەمیان ئەوەندە بەھێزن کە ھەستیان پێبکرێت.
کـ ، ئـ