سەردێڕ:

ئەو رێکارەی ھاتوچۆی عێراق بۆ تابلۆکانی ھەرێم دەیگرێتەبەر ئاشکرا کرا

PM:07:58:14/10/2021

17324 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی عێراق رایگەیاند، لە گەڵ کۆمپانیایەکی بیانی لە ھەوڵدان بۆ واژۆکردنی گرێبەستێک بەمەبەستی جێبەجێکردنی پرۆژەی یەکخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان بە زمانی ئینگلیزی و ئەمەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا دەبێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، تارق ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی ھاتوچۆ سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەڕۆژنامەی فەرمی سەباحی راگەیاند، پشت بە بەرنامەی کار بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەبەسترێت کە بریتییە لە یەکخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل و نوسینی بە ئینگلیزی وەک ئەوەی لە زۆرینەی وڵاتاندا ھەیە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو،  تابلۆکان بە قەبارەی تابلۆکانی پێشوو و ھەمان رەنگ دەبن، سپی بۆ تایبەت، سوور بۆ کرێ، شین بۆ حکومی و سەوز بۆ سوپا، سەرەڕای ئەوەی کۆدێکی دیاریکراوی دەبێت بۆ ھەر پارێزگایەک لەجیاتی ناوەکەی.
تارق ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی ناوخۆ لە ئامادەکاریدایە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەت بە تابلۆ بۆ کردنەوەی لقێکی خۆی لە بەغداد، بەمەبەستی زامنکردنی خێرایی بەڕێوەچوونی کارەکە و پێدانی لە وادەیەکی دیاریکراودا بە خاوەن ئۆتۆمبێل.
لەلایەن خۆشیەوە، فازڵ حاجی، وتەبێژی ھاتوچۆی ھەولێر پێشتر راگەیاند، پێشتر چەندین جار رێککەوتن لەنێوان ھەردوو وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم و فیدراڵ بۆ یەکگرتنی تابلۆی ئۆتۆمبێل کراوە، بەڵام ھێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە ئێستا بڕیارە جارێکی دیکە دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکە بکرێت، کە بریتیە لە گرتنەبەری رێکاری یەک شێوازی تابلۆی ئۆتۆمبێلە لە ھەموو عێراقدا.
ئەمە لەکاتێکدایە، ھەر ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، لێکتێگەیشتن لەنێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەپێناو یەکخستنی تابلۆکانی ئۆتۆمبێل و ئاسانکردنی رێکارەکانی مامەڵەکانی تایبەت بەو پرسە ھاتووەتەکایەوە.












گەلەری