لەسەر لێپرسینەوە لە تیژڕەوى شۆفێرێک و بەهۆکارى نەوەستانى، پاسەوانێکى پڕۆژەى نیشتەجێبوونى دەروازە سیتى لە شارى سلێمانى دەکوژرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، چاوگێک بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند "لەدەوروبەرى کاتژمێر ٣ى بەرەبەیان بەهۆى تیژڕەوى و لێپرسینەوە لە شۆفێرێک کە دەیویست بچێتە ناو پڕۆژەى نیشتەجێبوونى دەروازە سیتى کەسێک کە خۆى وەک کوڕى بەرپرسێک ناساندووە دەستڕێژى گوللـە لە پاسەوانێکى پڕۆژەکە دەکات و دەیکوژێت".
وتیشى "بکوژ لە
یەکێک لە دەرگاکانى دەروازە سیتى کە خۆى وەکو کوڕى بەرپرسێک ناساندووە دەیەوێت
بچێتە ناو پڕۆژەکە و ناونیشانێکى هەڵە دەدات و پاسەوانەکان رێى نیشان دەدەن لە
دەروازەکەى ترى پڕۆژەکە بچێتە دەرەوە".
چاوگەکە روونیکردەوە
"بکوژەکە بەر لە چوونە دەرەوەى لەناو پڕۆژەکە بە خێراییەکى زۆر دەڕوات و
نمایش بە ئۆتۆمبێلەکەى دەکات بۆ بێزارکردنى پاسەوانى پڕۆژەکە و لەو کاتەدا پاسەوانێک
بەناوى (هەڤاڵ محەمەد کاکە خان) لێپرسینەوەى لەگەڵ دەکات و ئەویش دەیداتە بەر
دەستڕێژى گوللـە و دەیکوژێت".
جەختیشى لەسەر ئەوە
کردەوە کە بکوژ هەڵهاتووە و تا ئێستا دەستگیر نەکراوە.
رووداوەکە لەکاتێکدایە
کە بەرپرسانى باڵا دەستى ئەم شارە چەندین جار ئاماژەیان بە پاراستنى ئارامى شارى
سلێمانیداوە و هۆشدارییانداوە لە تێکدانى ئارامى ئەم شارە.