سەردێڕ:

لەدواى یەکلاکردنەوەى سکاڵا و تانەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق چى روودەدات؟

PM:09:42:13/10/2021

7452 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکى یاسایى ئەو وادەیە دەستنیشان دەکات کە لەبەردەستى دادگاى باڵاى فیدراڵییە بۆ پەسەندکردنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق.


ئەمڕۆ چوارشەممە، حەیدەر سوفی شارەزای یاسایی بە ئاژانسى هەواڵى عێراقییەى راگەیاند "هیچ وادەیەکی دەستوری دیاریکراو لەبەردەم دادگای باڵای فیدڕاڵی نییه بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، یەکەم دانیشتنی پەرلەمانیش پشت بەو پەسەندکردنە دەبەستێت کە دەبێت لەماوەی ١٥ ڕۆژدا ئەنجامبدرێت".

ڕوونیشیکردەوە، دادگای باڵای فیدڕاڵی دواى یەکلایکردنەوەى سەرجەم سکاڵا و تانەکان دەنگەکان پەسەند دەکات.

ئەو یاساناسە عێراقییە وتیشی، لە دوای بڕیارە یەکلاکەرەوەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ پەسەندکردنى ئەنجامەکان، سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق داوای ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ دەکات کە دەبێت لەماوەی ١٥ ڕۆژدا سەرۆک وهەردوو جێگرەکەی دیاری بکرێت، ناشبێت لەو ماوەیەدا تێپەڕبکات چونکە دەبێتە پێچەوانەی یاساکانی دەستور.

رۆژی یەکشەممە، ١٠ی تشرینى یەکەم دەنگدانی گشتی و رۆژی هەینی ٨ی ئەم مانگەش دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمانی عێراق لە کاتژمێر ٧ی بەیانی دەستیپێکرد و تا ٦ی ئێوارە بەردەوام بوو.

دوای تەواوبوونی هەردوو دەنگدانی (گشتی و تایبەت)، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کە پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچووە و لە ئەنجامی بەراوردکاری دەنگەکانی دەستی و ئەلیکترۆنیدا، دەنگەکان هاوتابوون.













گەلەری